Erbil 31°C شەممە 27 حوزەیران 23:06

ترەمپ پێشوەختە پلانەکەی ئێران ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت هێشتا باجی 47 ساڵ تاوانتان نەداوە

کوردستان TV
100%

سەرۆکی ئەمریکا، گومانی خۆی لە هەمبەر ئەو پلانە نیشاندا کە ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێشنیازی کردووە و ڕایگەیاند، تاران هێشتا باجی ڕەفتارەکانی ڕابردووی نەداوە.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند: بەم زووانە پێداچوونەوە بۆ ئەو پلانە دەکەم کە ئێران بۆی ناردووین، بەڵام ناتوانم وێنای ئەوە بکەم کە جێگەی قبوڵ بێت.

سەرۆکی ئەمریکا هۆکاری ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکەی ئێرانی گەڕاندەوە بۆ مێژووی ئەو وڵاتە و گوتی: ئەوان هێشتا باجێکی ئەوتۆیان نەداوە بەرامبەر بەو کارانەی کە لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا دەرهەق بە مرۆڤایەتی و جیهان ئەنجامیان داوە.

ئەم لێدوانە توندەی ترەمپ تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە دێت کە میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە تاران وەڵامێکی 14 خاڵیی وەک نەخشەڕێگایەک بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ ڕادەستی واشنتن کردووە.

ئاماژەکەی ترەمپ بۆ 47 ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دروستبوونی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979ـەوە. لەو کاتەوە تا ئێستا پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ململانێیەکی بەردەوامدایە. ئەم هەڵوێستە نوێیەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە ئاسانی مەرجەکانی ئێران بۆ ئاگربەست قبوڵ ناکات و داوای باجی قورستر لە تاران دەکات.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.