ڕۆژنامەی "The New York Times" بڵاویکردەوە، ئیدارەی ترەمپ بڕیاریداوە پرۆسەی فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە بڕی زیاتر لە 8.6 ملیار دۆلار بۆ وڵاتانی ئیسرائیل، قەتەر، کوێت و ئیمارات خێرا بکات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، پاکێجە سەربازییەکان سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو لەخۆدەگرن کە بە لێزەر ئاڕاستە دەکرێن و بۆ هەر سێ وڵاتی ئیسرائیل، قەتەر و ئیمارات دابین دەکرێن. هەروەها سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ قەتەر و کوێت دابین دەکرێت، کە پێشتر چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی ئێران بوونەتەوە.
لە وردەکاریی گرێبەستەکاندا هاتووە، قەتەر بە بڕی زیاتر لە 4 ملیار دۆلار سیستەمی بەرگریی دەکڕێت، لە کاتێکدا پاکێجە سەربازییەکەی کوێت بە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
مارکۆ ڕووبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دەسەڵاتی نائاسایی بەکارهێناوە بۆ تێپەڕاندنی وردبینییەکانی کۆنگرێس بە مەبەستی خێراکردنی فرۆشتنی چەکەکان، ئەمەش ڕەخنەی توندی پارتی دیموکراتەکانی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران گەیشتوونەتە بنبەست. زیادبوونی هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران و بەردەوامیی گرژییەکان لە ناوچەکە، وای لە واشنتن کردووە پڕچەککردنی هاوپەیمانەکانی بخاتە ئەولەوییەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.