وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە توندی سەرکۆنەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکای کرد سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان و بە دانپێدانانێکی ڕاستەوخۆ بە تاوان وەسفی کرد.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند کە لێدوانەکانی ترەمپ دەربارەی وەسفکردنی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکان وەک چەتەگەری، ئاماژەیەکی روونە بۆ ڕەفتارە نایاساییەکانی ئەمریکا. بەقایی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ڕێگری لە پێشێلکردنی یاسا دەریاییەکان بگرن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا دەستبەسەرداگرتنی نایاسایی کەشتییە ئێرانییەکانی وەک چەتەگەری وەسف کردووە و بە شانازییەوە دەڵێت ئێمە وەک چەتەکان ڕەفتار دەکەین. ئەمە تەنها هەڵەیەکی زمانەوانی نەبوو.
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم لێدوانە دانپێدانانێکی شەرمەزارکەرە بە سروشتی تاوانکاری کارەکانی ئەمریکا دژی کەشتیوانی نێودەوڵەتی. ناوبراو داوای لە وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتی ڕێکخراوەکە کرد کە بە توندی دژی ئاساییکردنەوەی ئەم جۆرە پێشێلکارییە زەقانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان بوەستنەوە.
واشنتن لە چەندین بۆنەدا بە پاساوی جێبەجێکردنی گەمارۆکان، دەستی بەسەر ئەو کەشتی و تانکەرانەدا گرتووە کە نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە. لە بەرامبەردا، تاران هەمیشە ئەم هەنگاوانەی ئەمریکای وەک دزیی دەریایی ناوبردووە و چەندین جار وەک وەڵامدانەوە، دەستی بەسەر کەشتیی وڵاتانی ڕۆژئاواییدا گرتووە لە گەرووی هورمز.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.