دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدان بەسەر 2 کەسدا جێبەجێ کرا، کە پێشتر لەلایەن دادگاکانی وڵاتەکەوە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل (مۆساد) سزاکەیان بەسەردا سەپێنرابوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەو دوو کەسە تۆمەتبار کراون بە کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و هەستیار لەسەر دامەزراوە ستراتیژییەکانی ئێران و گەیاندنیان بە دەزگای هەواڵگری دەرەکی ئیسرائیل. دەسەڵاتدارانی ئێران جەخت دەکەنەوە کە ئەو کەسانە لە بەرامبەر گەیاندنی زانیارییەکان، هاوکاریی داراییان لە "مۆساد" وەرگرتووە.
ئەم لەسێدارەدانە لە کاتێکدایە کە شەڕی هەواڵگری و سێبەر لە نێوان تاران و تەلئەبیب لە ئاستێکی بەرزدایە. کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام ڕایدەگەیەنێت کە شانە و تۆڕی سیخوڕی ئیسرائیلی لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا دەستگیر دەکات، لە بەرامبەردا ئیسرائیل هەمیشە هەوڵە هەواڵگرییەکانی بۆ بەرگرتن لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێران چڕ کردووەتەوە. پڕۆسەی لەسێدارەدانی ئەمڕۆش وەک پەیامێکی توندی تاران دەبینرێت بۆ هەر جۆرە هاوکارییەک لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە دەرەکییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.