بەرپرسێکی باڵای سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دەدات لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە نێوان تاران و واشنتن و ڕایدەگەیەنێت کە "نوێبوونەوەی ململانێکان ئەگەرێکی کراوەیە".
ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، محەمەد جەعفەر ئەسەدی، جێگری سەرۆکی پشکنین لە بارەگای "خاتم ئەلئەنبیا" کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە، ڕایگەیاندووە کە بەهۆی بەردەوامی بنبەستی گفتوگۆکانی ئاشتی، ئەگەری ڕوودانی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئارادایە.
ئەسەدی لە لێدوانەکانیدا ڕەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە "ئەزموونەکان دەریانخستووە ئەمریکا پابەندی هیچ بەڵێن و ڕێککەوتننامەیەک نابێت"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ پاشەکشەی ئەمریکا لە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا.
ئەم لێدوانە توندانەی بەرپرسە ئێرانییەکە لە کاتێکدایە کە گرژییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە نوێترین پێشنیازی ئێران گرت بۆ ڕێککەوتن و دانوستانەکان. پەککەوتنی پڕۆسەی دیپلۆماسی و توندبوونی زمانحاڵی هەردوولا، ئومێدەکانی بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە کەمکردووەتەوە و مەترسییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.