Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 17:17

ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی چییە؟

کوردستان TV
100%

ئێوارەخوانی پەیامنێرانی کۆشکی سپی (White House Correspondents Dinner - WHCD)  بۆنەیەکی ساڵانەی گرنگە لە واشنتن دی سی، کە تێیدا ڕۆژنامەنووسان، بەرپرسانی حکوومی و کەسایەتییە ناودارەکان کۆ دەبنەوە. 

ئەم ئێوارەخوانە لەلایەن کۆمەڵەی پەیامنێرانی کۆشکی سپی (WHCA) ڕێک دەخرێت کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە و نوێنەرایەتیی ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەکات کە ڕووماڵی هەواڵەکانی سەرۆکی ئەمریکا و کۆشکی سپی دەکەن.

یەکەم ئێوارەخوان لە ساڵی 1921 بەڕێوەچووە و لە ساڵی 1924ـەوە بە شێوەیەکی نەریتی سەرۆکەکانی ئەمریکا بەشداری تێدا دەکەن.

ئامانجی سەرەکیی ئەم ئێوارەخوانە، کۆکردنەوەی کۆمەک و پارەیە بۆ خوێندن (سکۆلەرشیپ) بۆ قوتابیانی ڕۆژنامەوانی و هەروەها خەڵاتکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە کار و ڕاپۆڕتی نایابیان کردووە.

ئەم بۆنەیە بەوە ناسراوە کە تێکەڵەیەکە لە سیاسەت و کات بەسەربردن، هەروەها سەرۆکی ئەمریکاش وتارێکی کورت و پڕ لە گاڵتەوگەپ پێشکەش دەکات کە تێیدا ڕەخنە لە خۆی و نەیارە سیاسییەکان دەگرێت.

لە بەڕێوەچوونی ئێوارەخوانی ئەمساڵ لە  (بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26ـی نیسانی 2026)، ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوویدا کاتێک تەقە لە شوێنی بۆنەکە کرا و بووە هۆی تێکچوونی کەشی ئێوارەخوانەکە و شڵەژانی بەشداربووان. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و میلانیای هاوسەری لەلایەن پاسەوانە نهێنییەکانەوە لە شوێنەکە گوازرانەوە و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوت.

ڕووداوی تەقەکردنەکە لە هۆتێلی (Washington Hilton) ڕوویدا کە شوێنی بەڕێوەچوونی  ئێوارەخوانەکە بوو.

دواتر هێزە ئەمنییەکان ڕایانگەیاند، گومانلێکراوەکە دەستگیر کراوە، کەسێکە بە ناوی (کۆڵن ئاڵن) و تەمەنی 31 ساڵە، پیشەی مامۆستایە و دانیشتووی ویلایەتی کالیفۆرنیایە.

کەناڵی سی بی ئێسی ئەمریکی بڵاوی کردەوە، تەقەکەرەکە دانی بەوەداناوە کە ویستوویەتی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بکاتە ئامانج.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.