تا ئێستا كات و شوێنی دانوستانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان ئاشكرا نەكراوە، بەڵام بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان دانوستانەكە لە واشنتنی پایتەختی ئەمریكا بەڕێوەدەچێت.
بەرپرسێكی باڵای لوبنانی بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز) رایگەیاندووە: تا ئێستا كات و شوێنی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل دیاری نەكراوە.
ئەو بەرپرسەی لوبنان كە نەیویستووە ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، راشیگەیاندووە: هەرچەندە ڕێڕەوی دانوستانەكانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان جیا دەبێت، بەڵام كۆتاییەكەی پەیوەست دەبێت بە دانوستانەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لە پاكستان.
رۆژنامەی (ئەكسیوس)ی ئەمریكی ئاشكراشی كردووە، دانوستانەكەی نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە واشنتن دەبێت.
ئەمشەو پێنجشەممە بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەفەرمی رەزامەندی نیشان دا وڵاتەكەی بچێتە ناو دانوستانە راستەوخۆكان لەگەڵ وڵاتی لوبنان.
نەتانیاهۆ لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا گوتی: ڕێنماییم داوە کە بە زووترین کات دانوستانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لوبنان دەست پێ بکەین.
گوتیشی: ئیسرائیل بانگەوازی ئەمڕۆی سەرۆک وەزیرانی لوبنان بۆ داماڵینی چەک لە بەیرووت بەرز دەنرخێنێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.