Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 21:58

شاندی دانووستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان: لیژنەیەکی هاوبەش بۆ هەناردەی نەوت پێک دە‌هێنین

کوردستان TV
100%

کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا، تایبەت بە بابەتی هەناردەکردنی نەوت.

شاندی دانوستانکارى حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە چوارچێوەی شەراکەتی دەستووری و لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی نیشتمانی، جەخت دەكەینەوە لەسەر ئامادەیی تەواوی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری هەر ڕێکار و هەنگاوێک کە ببێتە هۆی زیادکردنی داهاتی گەنجینەی گشتی و چارەسەری قەیرانی دارایی، بە تایبەتی لەم بارودۆخە هەستیارەی ئێستای ناوچەکەدا، بە مەبەستی دابینکردنی مووچە و بژێوی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: هەردوو حکوومەت ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی لیژنەیەکی هاوبەش لە وەزارەتی نەوتی حکوومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پێکبهێنن بۆ دەستپێکردنی هەنگاوە تەکنیکی و کارگێڕییە پێویستەکان، بە مەبەستی دەستپێکردنی هەناردەکردنی نەوت لە سبەینێوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێگەی بۆری هەرێم، لەگەڵ گەڕانەوەی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەکراو بۆ گەنجینەی گشتیی فیدڕاڵ.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووبارە جەخت دەکاتەوە کە درێغی ناکات لە گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی پێویست بۆ هاوبەشی و پشتیوانی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانە داراییەکان لە سەرتاسەری عێراق، بە ئاڕاستەی دابینکردنی داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکان و دابینکردنی مووچە، بژێوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.