Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 00:53

سودانی: ڕێگا نادەین هیچ لایەنێک عێراق پەلکێشی ناو شەڕ و ململانێکان بکات

کوردستان TV
100%

سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەین هیچ لایەنێک عێراق پەلکێشی ناو شەڕ و ململانێکان بکات

ئەمڕۆ دووشەممە 2ـی ئادار، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی کرد. کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە ئەمنییە مەترسیدارەکانی ناوچەکە و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی عێراق.

سودانی فەرمانی ئاراستەی سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان کرد کە بە توندی ڕووبەڕووی هەر کارێک ببنەوە کە ئاسایش و سەقامگیری وڵات دەخاتە مەترسییەوە. جەختیشی کردەوە کە حکوومەت ڕێگە بە هیچ لایەن یان گروپێک نادات عێراق پەلکێشی ناو ئەو ململانێ و شەڕانە بکات کە لە ئێستادا لە ناوچەکەدا لەئارادان.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە کە حکوومەتی عێراق پابەندە بە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕێگە نادات هێرش بکرێتە سەر باڵیۆزخانەکان یان زیان بە دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان بگات.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی و جوڵەی سەربازی تەنها لە دەسەڵاتی دەوڵەت و دامەزراوە دەستوورییەکاندایە و خاکی عێراق نابێت بۆ ململانێی دەرەکی بەکاربهێنرێت.

بەهۆی مەترسییەکانی پەرەسەندنی شەڕ، وەزیرانی نەوت، بازرگانی و کارەبا لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە بوون. سودانی و وەزیرەکان پلانی نائاساییان بۆ دابینکردنی وزە و سووتەمەنی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک تاوتوێ کرد، تاوەکو لە کاتی فراوانبوونی شەڕدا هاووڵاتییان تووشی قەیرانی بژێوی و وزە نەبن.

حکومەت دووپاتی کردەوە کە مافی گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ئاشتییانە پارێزراوە، بەڵام دەبێت هەموو هەنگاوەکان لە چوارچێوەی یاسا نیشتمانییەکاندا بن و نەبنە هۆی تێکدانی ئارامیی گشتی.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.