Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 22:15

ئەمریکا و شەش وڵاتی عەرەبی هۆشداری دەدەنە ئێران

کوردستان TV
100%

ئەمریکا و شەش وڵاتی عەرەبی لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن و ڕایانگەیاند، ئەم ڕەفتارانە تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکەیە.

ڕۆژی دووشەممە 2ـی ئادار، وڵاتانی  (قەتەر، سعوودیە، بەحرەین، ئوردن، کوێت، ئیمارات و ئەمریکا) لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە: "بە توندی ئیدانەی هێرشە هەرەمەکی و سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین کە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردوویەتە سەر خاکە خاوەن سەروەرییەکان لە سەرتاسەری ناوچەکەدا، لەوانەش: بەحرەین، عێراق (بە هەرێمی کوردستانی عێراقیشەوە)، ئوردن، کوێت، عومان، قەتەر، شانشینی عەرەبیی سعوودیە و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو".

ئەو حەوت وڵاتە ڕایانگەیاندووە: "ئەم گورزە بێ پاساوانە خاکی خاوەن سەروەرییان کردووەتە ئامانج، ژیانی مەدەنییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە و زیانیان بە ژێرخانی مەدەنی گەیاندووە".

هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ڕەفتارەکانی ئێران هەڵکشانێکی مەترسیدار نیشان دەدەن کە سەروەریی ژمارەیەک دەوڵەت پێشێل دەکات و هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکات. بەئامانجگرتنی مەدەنییەکان و ئەو دەوڵەتانەی کە تێوەنەگلاون لە کارە دوژمنکارییەکاندا، ڕەفتارێکی سەرەڕۆیانەیە و سەقامگیری دەشێوێنێت".

لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئاماژە بە کراوە: "ئێمە وەک یەک ڕیز دەوەستینەوە بۆ بەرگریکردن لە هاووڵاتییان و سەروەری و خاکەکەمان، جەخت لە مافی خۆمان دەکەینەوە بۆ بەرگری لە خۆکردن لە ڕووی ئەم هێرشانەدا، پابەندبوونی خۆمان بە ئاسایشی ناوچەیی دووپات دەکەینەوە و ستایشی هەماهەنگیی کارا دەکەین لە بواری بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیدا کە ڕێگر بوو لە کەوتنەوەی زیانی گیانی و وێرانکاریی گەورەتر".
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.