فەرمانگەی دەریاوانیی دانیمارک ڕایگەیاند، هێزەکانیان دەستیان بەسەر کەشتییەکی کۆنتێنەرهەڵگری ئێرانیدا گرتووە کە لە ئاوەکانی ئەو وڵاتەدا لەنگەری گرتبوو. هۆکاری دەستبەسەرداگرتنەکە بۆ "ناڕوونی لە بەڵگەنامەکانی تۆمارکردن" و گۆڕینی کتوپڕی ئاڵای کەشتییەکە دەگەڕێتەوە.
کەشتییەکە ناوی "نۆرا"یە (Nora) و پێشتر بە ئاڵای وڵاتی "کۆمۆرۆس"ەوە هاتوچۆی دەکرد. بەڵام دوای ئەوەی بەرپرسانی کۆمۆرۆس بە دانیمارکیان ڕاگەیاند ناوی ئەم کەشتییە لە لیستی فەرمیی ئەواندا نەماوە، لایەنی دانیمارکی بڕیاری ڕاگرتنی کەشتییەکەی دا. بەپێی ڕاپۆرتی تەلەفزیۆنی (TV 2)ی دانیمارکی، کەشتییەکە تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ئاڵاکەی لە کۆمۆرۆسەوە گۆڕیوە بۆ ئاڵای ئێران.
بەپێی بەدواداچوونە تەکنیکییەکان، دەرکەوتووە کە ژمارەی ناسنامەی نێودەوڵەتی (IMO)ی ئەم کەشتییە، ڕێک هەمان ئەو ژمارەیەیە کە پێشتر هی کەشتییەک بووە بە ناوی "سێرۆس" (Sorous). کەشتیی سێرۆس یەکێکە لەو کەشتییانەیە کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە (OFAC) خراوەتە لیستی سزاکانەوە و تۆمەتبارە بە هاوکاریکردنی کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران و گواستنەوەی کەلوپەلی قەدەغەکراو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.