لە سنووری شارۆچکەی خەبات تەرمی ئافرەتێک لەناو زێی گەورە دۆزرایەوە و بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، شوێنەواری ئەشکەنجە و خنکاندنی پێوە دیارە و دەم و چاوی بە تیپ بەسترابوو.
ڕۆژی شەممە 14ـی شوبات، موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: "کاتژمێر 01:30 ـی پاش نێوەڕۆ ئاگادارکراینەوە لە هەبوونی تەرمێک لە زێی خەبات لە نزیک گوندی گردەڕەش، دوای گەیشتنی تیمەکانی ژێرئاوی خەبات، توانیویانە تەرمەکە لە ئاوەکە دەربهێنن".
موقەدەم شاخەوان گوتی: "تەرمەکە ئافرەتە و تەمەنی لە نێوان 35 بۆ 40 ساڵدایە، ناسنامەی کەسەکە نادیارە، بەڵام بەپێی پشکنینە سەرەتاییەکان دەم و چاوی بە تیپ بەستراوە و شوێنەواری پەت بە ملییەوە بووە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند، ڕووداوەکە تاوانکارییە و بەو شێوەیە کوژراوە و فڕێدراوەتە ناو ئاوەکەوە، هەروەها وا پێدەچێت کە زیاتر لە دوو هەفتەیە ئەو تەرمە فڕێدرابێتە ناو زێیەکەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئێستادا پۆلیس لە ڕووداوەکە ئاگادار کراوەتەوە و تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی داد کراوە، بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان و ناسینەوەی ناسنامەی قوربانییەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.