Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 11:20

دانا عەبدولغەفار: هەر هەنگاوێک بنرێت بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەرێم بە توندی ڕەتی دەکەینەوە

کوردستان TV
100%

ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیەندراوێک بڵاودەکاتەوە و هۆشداری لەوە دەدات، هەرهەنگاوێک لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بنرێت کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی رێژەی 14٪ هەرێم ئەوا لەلایەن ئەندامە کوردەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە توندی رەتدەکرێتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، دانەرعەبدولغەفار ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری پرۆسەی کۆکردنەوە و ڕاگەیاندنی داتاکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق دەکرێت کە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 ئەنجامدرا. بەپێی ئامارەکان، ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان 14٪ی کۆی گشتی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت، لەو چوارچێوەیەشدا هۆشداری دەدرێتە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی لە هەر هەوڵێک بۆ گۆڕین یان یاریکردن بەو داتایانە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، هەر هەنگاوێک لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە بنرێت کە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو ڕێژەیەی هەرێم بە توندی ڕەتی دەکەینەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو کاریگەرییە نەرێنییە ڕاستەوخۆیانەی کە دەیبێت لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە پرسی دیاریکردنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، دەستکاریکردنی ئەنجامەکان، زیان بە میکانیزمەکانی دابەشکردنی دادپەروەرانەی سەرچاوە و دەرامەتەکان لەنێوان پێکهاتەکانی گەلی عێراقدا دەگەیەنێت. ئەمەش وەک پێشێلکارییەک بەرامبەر بەو بنەما دەستوورییانە دەبینرێت کە مافی هەموو لایەک لەسەر بنەمای داتای ڕاستەقینە دەپارێزن.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە: "لە ئەگەری هەر هەموارکردنەوە و گۆڕانکارییەک لە داتاکانی سەرژمێری، پەنا دەبرێتە بەر گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی دەستووری و یاسایی پێویست بۆ ڕێگریکردن لەو هەوڵانە و پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.