دوای تەنیا چەند ڕۆژێک لە کاراکردنی، پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی "ئی پسوڵە" پێشوازییەکی بەرچاوی لێدەکرێت و ئامارەکان دەریدەخەن کە هەزاران هاووڵاتی بۆ دانی پارەی کارەبا سوودیان لەو خزمەتگوزارییە و داشکاندنە 20٪یەکەی حکوومەت بینیوە.
ئەمڕۆ شەممە، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پلاتفۆڕمی "ئێکس" بڵاویکردەوە، تا ئێستا زیاتر لە 25 هەزار پرۆسەی دانی پارەی کارەبا بە ڕێگەی ئی پسوولە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون.
دوای تەنیا چەند ڕۆژێک لە ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی دیجیتاڵیی "ئەپسوڵە" (e-Psule) لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێشوازییەکی بەرچاو لەم خزمەتگوزارییە کراوە و تا ئێستا زیاتر لە 25 هەزار پرۆسەی دانی پارەی کارەبا بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراون.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هاندانی هاووڵاتییان بۆ بەکارهێنانی سیستەمی دیجیتاڵی ڕایگەیاندووە، هەر هاوبەشێکی ماڵان کە لە ڕێگەی "ئەپسوڵە"وە پارەی کارەبا بدات، بڕی 20٪ی تێچووی پسوڵەکەی وەک داشکاندن (باڵانس) بۆ پسوڵەکانی داهاتووی بۆ هەژمار دەکرێت.
پلاتفۆرمی "ئی پسوڵە" سیستەمێکی ناوەندیی حکوومەتی هەرێمە بۆ کۆکردنەوەی پسوڵەکان، کە دەرفەت بۆ هاووڵاتییان و خاوەنکاران دەڕەخسێنێت تاوەکو لە ڕێگەی بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی بانکی ناوەندی عێراق و جزدانە ئەلیکترۆنییەکانەوە، پارەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان بە شێوەیەکی پارێزراو بدەن.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر و بەکارهێنانی سیستەمەکە، هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی ماڵپەڕی فەرمیی پلاتفۆرمەکە بکەن لە ڕێگەی ئەم ناونیشانەوە: (http://epsule.gov.krd).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.