رۆژنامەی (ووڵ ستریت جۆرناڵ)ی ئەمریكی ئاشكرای كردووە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە شێوەی نهێنی هەزاران ئامێری ئینتەرنێتی (ستارلینك)ی ڕەوانەی ئێران كردووە لە كاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانەكانی مانگی رابردوو كە ئینتەرنێت لەو وڵاتە پچڕابوو.
رۆژنامەكە بڵاوی كردۆتەوە: چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمریكی ئاشكرایان كردووە، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بەشێوەیەكی زۆر نهێنی زیاتر لە 6 هەزار ئامێری ئینتەرنێتی تایبەتی ستارلینكی ملیادێری ئەمریكی ئیلۆن مەسك گەیاندراوەتە ئێران، تا لە رێگەیانەوە پەیوەندی بە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئێران بكرێت لەو كاتەی ئینتەرنێت لەو وڵاتە یچڕابوو.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەمە یەكەمجارە ئەمریكا ئامێری تایبەتی ئینتەرنێتی ستارلینك بكڕێت و ڕەوانەی وڵاتی ئێرانی بكات.
نەك هەر ئەوەندەش، ئیدارەی ترەمپ هەروەها لە كاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشادانەكانی ئێراندا بڕێكی زۆر پارەشی ناردووەتە ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی پشتگیری لە خۆپیشاندەران بكات.
مانگی رابردوو بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەكانی ئێران بەڕێوەچوو، بەهۆی ئەو خۆپیشادانە هەزاران هاووڵاتی ئێرانی كوژران و لەسێدارەدران.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا هەر لە سەرەتای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكان، هەمیشە پەیامی پشتگیری بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران دووپات دەكردەوە و هەڕەشەی توندیشی لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.