پێشبینی دەكرێت شەپۆڵێكی دیكەی بارانبارین هەرێمی كوردستان بگرێتەوە، شەپۆڵەكە درەنگانی شەوی سبەی هەینی دەگات و لە زۆربەی ناوچەكان بارانی باش و بەخوڕ دەبارێت.
هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی رایگەیاند: درەنگانی شەوی هەینی بۆ کاتەكانی بەرەبەیان شەپۆڵێکی دیكەی بارانبارین و هەورەبروسکەی بەهێز و تەرزە تەواوی ناوچەكانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و دهۆک و سۆران و ڕاپەڕین و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و کەرکووک دەگرێتەوە.
راشیگەیاند: سەرەتای بارانبارینەکە لە زاخۆ و دهۆک و سۆران دەست پێ دەکات، لە کاتەکانی نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە کاریگەری شەپۆڵەکە فراوانتر دەبێت و تەواوی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
شارەزاكەی كەشناسی هەروەها رایگەیاند: زۆرترین بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی بادینان و کۆیە و سۆران و ڕاپەڕین و سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت، لەو ناوچانە ئەگەری بارانبارینی بە خوڕ و بە لێزمە هەیە كە چاوەڕوان دەكرێت 20 بۆ 40 ملم باران ببارێت.
ئاماژەی بەوەش دا: بە پلەی دوو باران لە هەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری دەبارێت، بە پلەی سێش لە گەرمیان و کەرکووک باران دەبارێت.
جەختیشی كردەوە كە لە درەنگانی شەوی شەممە لەسەر یەکەشەممە، کاریگەری شەپۆڵەكە بەرەو لاوازبوون دەچێت و بارانبارین کۆتایی دێت .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.