ئهمڕۆ پێنجشەممە هێزهكانی ئەمهریکا پشتڕاستیان کردەوە کە هێزەکانیان لە ئەلتەنف لە سووریا کشاندووهتهوه و وەزارەتی بەرگری سوریاش ڕایگەیاند کە دەستیان بەسەر ئەو بنکەیەدا گرتووە کە دەکەوێتە سەر سنووری ئوردن و عێراق لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.
فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) کە بەرپرسە لە هێزەکانی ئەمهریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنكهی ئەلتەنف له چوارچێوهی بڕیارێكی سهربازیی بووه."
ئەمهریکا هێزەکانی لە سووریا و عێراق جێگیر دەکات لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" کە لە ساڵی 2014 پێکیهێنا، دوای ئەوەی ڕێکخراوەکە دەستی بەسەر ناوچەیەکی فراوانی هەردوو وڵاتدا گرت، تاوەکو دواجار داعش له مۆڵگەکانی لە عێراق لە ساڵی 2017 و لە سوریا لە ساڵی 2019 دەرکرا.
بێرنارد کوپەر فەرماندەی سێنتکۆم، جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد کە بهردهوامی فشارەکان لەسەر ئەندامانی گروپەکە بۆ پاراستنی ئەمهریکا و بەرزکردنەوەی ئاسایشی ناوچەکە زۆر گرنگە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری سووریا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "لە ڕێگەی هەماهەنگی نێوان لایەنی سووریا و ئەمەریکی، یەکەکانی سوپای عەرەبی سووریا دەستیان بەسەر بنکەی ئهلتەنفدا گرت و لهمهو دوا بنکەكه و دەوروبەری لهلایهن هێزهكانی سوپای سووریای عهرهبی كۆنتڕۆڵ دهكرێت.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.