Erbil 31°C دووشەممە 22 حوزەیران 22:26

لوبنان: به‌ پێی رێككه‌وتنێك 300 دەستگیرکراوی سووریی ده‌ده‌ینه‌وه‌ سووریا

کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ شەممە، تارەک میتری جێگری سەرۆک وەزیرانی لوبنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، هەفتەی داهاتوو لوبنان و سووریا ڕێککەوتنێک واژۆ دەکەن سەبارەت بە ڕادەستکردنی نزیکەی 300 دەستگیرکراوی سووریا لە زیندانەکانی لوبنان بۆ حكوومه‌تیی كاتی سووریا، ئەوەش دوای ڕۆژێک لە پەسەندکردنی ئەو هەنگاوەی حکوومەتی لوبنان.

پرسی دەستبەسەرکراوەکانی سووریا یەکێکە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی پەیوەندییەکانی نێوان بەیروت و دیمەشق دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووتری سووریا كه‌ به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی مابووه‌وه‌.

مێتری ڕایگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە ڕۆژی هەینی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی لوبنانه‌وه‌ پەسەندکراوە، نزیکەی 300 سزادراوی سووریا لەخۆدەگرێت کە 10 ساڵ یان زیاتریان لە زیندانەکانی لوبنان بەسەر بردووە.

میتری دووپاتی کردەوە کە ڕێککەوتنەکە هەفتەی داهاتوو لە بەیروت واژۆ دەکرێت بۆ ئەوەی دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها ئەگەری ئامادەبوونی وەزیری داد یان وەزیری دەرەوەی سووریاش هەیە.

جێگری سەرۆک وەزیرانی لوبنان ڕوونیشیکردەوە، ئەو سزادراوانەی سووریا ئازاد ناکرێن، بەڵکو ڕادەستی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە بۆ ئەوەی ماوەی سزاکانیان لەوێ جێبەجێبکەن.

جێگری سەرۆکوەزیرانی لوبنان ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی ڕێککەوتنەکە هەنگاوێکی گەورەیه‌ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو وڵات و دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ دروستکردنی پەیوەندی نوێ لەگەڵ سووریای تازه‌ لەسەر بنەمای متمانە و ڕێزگرتنی یەکتر.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، نزیکەی دوو هەزار و 250 هاووڵاتیی سووری لە زیندانەکانی لوبنان دەستبەسەرن، کە نزیکەی یەک لەسەر سێی کۆی بەندکراوەکان پێکدەهێنن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.