وەزارەتی بەگریی سووریا بەڵێنی دا كە هێزەكانیان نەچنە ناو گوند و شارە كوردنشینەكان، بەڵكو ئەرکیان تەنیا پاراستنی ئاسایش و دامەزراوە حکوومییەکان دەبێت.
وەزارەتی بەگریی سووریا ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: هێزەكانمان بەتەواوەتی ئامادەن ئیدارەی كەمپی هۆل و سەرجەم زیندانییەكانی دیكەی داعش وەربگرن و پارێزگارییان لێ بكەن.
لە هەمانكاتیشدا رەتی كردەوە كە مەلەفی زیندانەكان وەك كارتی گوشاری سیاسی لەلایەن هێزەكانی هەسەدە قبووڵ بكەن.
وەزارەتی بەگریی سووریا داواشی لە سەركردایەتی هەسەدە كرد بەپەلە پابەندی رێككەوتنەكانی 18ی كانوونی دووەم بن و جێبەجێی بكەن.
لە راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی بەرگریی سووریا جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان پابەندن بە پاراستنی گەلی كورد و ئاسایش و سەقامگیری ئەوان، دووپاتیشی كردەوە كە بەڵێن نوێ دەكەنەوە هێزەكانیان ناچنە ناو گوند و شارە كوردنشینەكان.
ئەم راگەیەنراوەی وەزارەتی بەگریی سووریا لە كاتێكدایە كە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) كەمێك پێش ئێستا بەفەرمی كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانیان لە كەمپی هۆل راگەیاندبوو كە هەزاران ماڵباتی تیرۆریستانی داعشی تێدایە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە "بەهۆی بێباکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە پرسی داعش و شکستهێنانی ئەرکەکانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم بابەتە جدییە، هێزەکانمان پابەندکران بە کشانەوە لە کەمپی هۆل".
بڵاویشی كردەوە "هێزەكانمان كشاونەتەوە بۆ ناوچەکانی دەوروبەری شارەکانی باکوری سووریا کە ئێستا ڕووبەڕووی مەترسی و هەڕەشەکان دەبنەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.