Erbil 31°C ھەینی 19 حوزەیران 11:19

دەقی رێككەوتنە 14 خاڵییەكەی نێوان حكوومەتی سووریا و هەسەدە

کوردستان TV
100%

سەرۆكایەتی كۆماری سووریا ئەمشەو یەكشەممە دەقی رێككەوتنە 14 خاڵییەكەی نێوان ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكای سووریای دیموكرات (هەسەدە) بڵاوكردەوە.

ئەحمەد شەرع سەرۆك كۆماری سووریا ئەمشەو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاندبوو كە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی رێككەوتوون و ئاگربەستی تەواوەتی رادەگەیەنرێت.

ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوەدابوو كە بڕیاربوو لەگەڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی خراپی كەشوهەوا كۆبوونەوەكە بۆ سبەی دووشەممە دواخرا.

سەرۆكایەتی كۆماری سووریا دەقی رێككەوتنە 14 خاڵییەكەی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بەمشێوەی خوارەوە بڵاوكردەوە:-

یەكەم / ئاگربەستی بەپەلە لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ رابگەیەنرێت، هەروەها كشانەوەی هێزەكانی سووریای دیموكرات بۆ رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات.

دووەم / رادەستكردنی تەواوی فەرمانگەكانی پارێزگای دێرەزوور و رەقە بۆ حكوومەتی سووریا.

سێیەم / تێكەڵكردنی سەرجەم دامەزراوە مەدەنی و كارگێڕییەكانی پارێزگای حەسەكە بۆ ناو حكوومەتی سووریا.

چوارەم / سەرجەم دەروازە سنووری و كێڵگە نەوتی و گازییەكان لەژێر كۆنتڕۆڵی حكوومەتی سووریا دەبێت.

پێنجەم / تێكەڵكردنی هێزەكانی هەسەدە لەناو پێكهاتەی وەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆی سووریا لەسەر بنەمای (تاكەكەسی) لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی شایستە و پێداویستییەكان.

شەشەم / نابێت هێچ ئەندامێكی رژێمی پێشوو لەنێو ڕیزی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) جێگیر بكرێت.

حەوتەم / بە مەڕسوومێكی سەرۆكایەتی كۆماری سووریا كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری حەسەكە دادەنرێت.

هەشتەم / چۆڵكردنی شاری كۆبانێ لە سەرباز و چەكی قورس، هەروەها جێگیركردنی هێزێكی پۆلیس كە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەبێت.

نۆیەم / تێكەڵكردنی ئیدارەی زیندانەكانی داعش و كەمپەكان لەنێوان حكوومەتی سووریا و ئەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی شوێنەكان، بەجۆرێك كە بەرپرسیارەتی یاسایی و ئەمنی بكەوێتە ئەستۆی حكوومەتی سووریا.

دەیەم / پەسندکردنی لیستی ئەو ناوانەی كە لەلایەن سەرکردایەتیی هەسەدە پێشکێش دەکرێن بۆ وەرگرتنی پۆستە باڵاكانی سەربازی، ئەمنی و مەدەنی لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتی ناوەندیدا.

یازدەم / پێشوازیکردن لە مەڕسوومی سەرۆکایەتی ژمارە 13ی ساڵی 2026، کە دان بە مافە کولتوور و زمانی کورد دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسە مەدەنییەکان - لەوانە کێشەی کەسانی تۆمارنەکراو/بێ وەڵاتینامە و داواکارییەکانی مافی خاوەندارێتیی کەڵەکەبووی دەیان ساڵی رابردوو.

دوازدەم / پابەندبوونی هەسەدە بە دەرکردنی هەموو سەرکردە و ئەندامە ناسووریاییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) بۆ دەرەوەی سنوورەکانی سووریا بۆ دڵنیابوونەوە لە سەروەری و سەقامگیری ناوچەكە.

سێزدەم / دەوڵەتی سووریا پابەند دەبێت بە بەردەوامبوون لە جەنگی دژی داعش وەک ئەندامێکی کارا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بۆ دڵنیابوونەوە لە تەناهی و سەقامگیریی ناوچەکە.

چواردەم / کارکردن بەرەو لێکتێگەیشتنەکان سەبارەت بە گەڕانەوەی شکۆمەندانەی دانیشتووانی ناوچەکانی عەفرین و شێخ مەقسوود بۆ ناوچەكانی خۆیان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.