ئەحمەد شەرع فەرمانێکی نوێی دەرکرد کە تێیدا دانی بە بەشێک لە مافە ڕۆشنبیری و نەتەوەییەکانی کورددا ناوە، لەوانەش پێدانی ڕەگەزنامە بە بێناسنامەکان و بەفەرمیکردنی جەژنی نەورۆز و خوێندنی زمانی کوردی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە مافی خۆبەڕێوەبەری یان نامەرکەزییەت بکرێت.
ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026ـی دەرکرد کە لە هەشت ماددە پێکهاتووە. تێیدا دان بە هەندێک مافی ڕۆشنبیری و نەتەوەیی کورد دەنێت، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ ناوچەیەکی ئیداری یان تایبەت بە کورد بکات لە شێوەی نامەرکەزی یان خۆبەڕێوەبەری.
دەقی فەرمانەکە:
ماددەی 1: هاووڵاتییانی کوردی سووریا بە بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریا دادەنرێن و شوناسی کولتووری و زمانییان بە بەشێکی جیانەکراوەی شوناسی نیشتمانیی فرەچەشن و یەکگرتووی سووریا هەژمار دەکرێت.
ماددەی 2: دەوڵەت پابەند دەبێت بە پاراستنی هەمەجۆریی کولتووری و زمانی و مافی هاووڵاتییانی کورد مسۆگەر دەکات لە زیندووکردنەوەی کەلەپوور و هونەرەکانیان و پەرەپێدانی زمانی دایکیان لە چوارچێوەی سەروەریی نیشتمانیدا.
ماددەی 3: زمانی کوردی بە زمانێکی نیشتمانی دادەنرێت و ڕێگە دەدرێت لە خوێندنگە حکوومی و تایبەتەکاندا لەو ناوچانەی کە کورد تێیدا ڕێژەیەکی بەرچاو لە دانیشتووان پێکدەهێنێت، بخوێندرێت، جا وەک بەشێک لە پڕۆگرامە بژاردەکان بێت یان وەک چالاکییەکی کولتووریی فێرکاری.
ماددەی 4: کارکردن بە سەرجەم یاسا و ڕێکارە نائاساییەکان کە لە ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1962 لە پارێزگای حەسەکە کەوتوونەتەوە، هەڵدەوەشێنرێتەوە و ڕەگەزنامەی سووری بە تەواوی هاووڵاتییانی بە ڕەچەڵەک کورد کە نیشتەجێی خاکی سووریان دەبەخشرێت، بەوانەشەوە کە بێناسنامەن (مەکتوم قەید)، لەگەڵ یەکسانبوونی تەواوەتییان لە ماف و ئەرکەکاندا.
ماددەی 5: جەژنی "نەورۆز" (21ـی ئادار) لە سەرانسەری کۆماری عەرەبیی سووریادا بە پشووی فەرمیی مووچەپێدراو دادەنرێت، وەک جەژنێکی نیشتمانی کە گوزارشت لە بەهار و برایەتی دەکات.
ماددەی 6: دامەزراوە ڕاگەیاندن و پەروەردەییەکانی دەوڵەت پابەند دەبن بە پەیڕەوکردنی گوتارێکی نیشتمانیی کۆکەرەوە، هەروەها بەپێی یاسا هەموو جۆرە جیاکاری و پەراوێزخستنێک لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان زمانی قەدەغە دەکرێت و هەر کەسێک هانی ئاژاوەی نەتەوەیی بدات، بەپێی یاسا بەرکارەکان سزا دەدرێت.
ماددەی 7: وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان هەڵدەستن بە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکانی ئەم فەرمانە، هەر یەکەیان بەپێی تایبەتمەندیی خۆی.
ماددەی 8: ئەم فەرمانە لە ڕۆژنامەی فەرمیدا بڵاو دەکرێتەوە و لە ڕێکەوتی دەرچوونیەوە کاری پێ دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.