بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ ڕەوشی کەشوهەوای 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی فراوانی بارانبارین و سەرما، کە لە زۆربەی ناوچەکان بەفری لەگەڵدا دەبێت.
ڕۆژی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، بەرێوبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ڕایگەیاند: ئاسمانی هەرێم بە گشتی هەور دەبێت و بارانبارین دەستپێدەکات، لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با و دروستبوونی هەورە تریشقە هەروەها پلەی گەرماش 1 بۆ 2 پلە بەراورد بە دوێنێ نزم دەبنەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: پێشبینی دەکرێت لە دوای نیوەڕۆوە ئەمڕۆوە شەپۆلەکە چالاکتر بێت و لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بڕی دابارین زیاتر بێت و هەندێک کات ببێتە لێزمەباران. هاوکات لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر دەبارێت.
سبەی ڕۆژی چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەم، بە پێی پێشبینیەکان کاریگەری شەپۆلەکە بەردەوام دەبێت و بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە ناوچەکە دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی نزمبوونەوەی بەرچاوی پلەی گەرما لە کاتەکانی بەیانی سبەینێدا، لە سەنتەری شارەکانی سلێمانی و دهۆک هەروەها لە ئیدارەکانی زاخۆ، سۆران، ڕاپەڕین و زۆربەی ناوچە شاخاوییەکان بەفر دەبارێت. شەپۆلەکە لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەدا کۆتایی پێ دێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بە پلەی سیلیزی:
| ناوچە جیاجیاکانی کوردستان | سێشەممە | چوارشەممە |
| هەولێر | 13 | 8 |
| سلێمانی | 10 | 4 |
| دهۆک | 12 | 4 |
| هەڵەبجە | 12 | 7 |
| ئاکرێ | 12 | 8 |
| زاخۆ | 13 | 5 |
| چەمچەماڵ | 12 | 8 |
| پیرمام | 10 | 4 |
| حاجی ئۆمەران | 5 | 2 |
| سۆران | 8 | - |
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.