Erbil 31°C سێشەممە 16 حوزەیران 18:54

ئەمریکا هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاووڵاتییانی: خێرا ئێران جێ بهێڵن

کوردستان TV
100%

باڵیۆزخانەی ئەلیکترۆنیی ئەمریکا لە تاران، هۆشدارییەکی ئەمنیی بەپەلەی ئاراستەی سەرجەم هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە ناوخۆی ئێران کرد و داوای لێ کردن بەهۆی پەرەسەندنی خۆپیشاندانەکان و تێکچوونی دۆخی ئەمنی، دەستبەجێ ئەو وڵاتە جێ بهێڵن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەکە کە ڕۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2026 بڵاو کراوەتەوە، خۆپیشاندانەکان لە سەرانسەری ئێران ڕوویان لە زیادبوون کردووە و ئەگەری توندوتیژی و دەستگیرکردنی زۆری لێ دەکرێت. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە حکومەتی ئێران هێڵەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانی سنووردار کردووە و زۆربەی گەشتە ئاسمانییەکانیش هەڵوەشاونەتەوە یان کەم کراونەتەوە.

خاڵە سەرەکییەکانی هۆشدارییەکەی ئەمریکا:

١. جێهێشتنی ئێران: داوا لە هاووڵاتییانی ئەمریکی کراوە چاوەڕێی هاوکاریی حکومەتەکەیان نەکەن و بەپەلە لە ڕێگەی وشکانییەوە (سنوورەکانی تورکیا و ئەرمینیا) ئێران جێ بهێڵن، چونکە زۆربەی هێڵە ئاسمانییەکان تا 16ی ئەم مانگە گەشتەکانیان ڕاگرتووە.

٢. مەترسی بۆ خاوەن ڕەگەزنامە دووانەکان: ئەمریکا هۆشداری دەدات کە ئێران دان بە ڕەگەزنامەی دووەمدا نانێت و ئەو کەسانەی ڕەگەزنامەی ئەمریکی و ئێرانییان پێکەوە هەیە، وەک هاووڵاتیی ئێرانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و مەترسیی گەورەی دەستگیرکردنیان لەسەرە. هەر بۆیە پێویستە بە خێرایی بە پاسپۆرتە ئێرانییەکەیان ئەم وڵاتە جێ بێڵن.

٣. دۆخی سنوورەکان: تاوەکو ڕۆژی 12ی کانوونی دووەم، دەروازە سنوورییەکانی "بازرگان، ڕازی، سێرۆ" لەگەڵ تورکیا و دەروازەی سنووریی "نۆردوز" لەگەڵ ئەرمینیا کراوەن. ئەمریکا داوا لە هاووڵاتییانی دەکات پێش گەیشتنیان بە سنوورەکان، زانیارییەکانیان بۆ کونسوڵخانەکانی ئەمریکا لە ئەنقەرە یان یەریڤان بنێرن.

٤. خۆپارێزی: داوا لەو کەسانە کراوە کە ناتوانن ئێران جێبهێڵن، لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بمێننەوە، خواردن و دەرمانی پێویست کۆبکەنەوە و بە هیچ شێوەیەک نزیکی شوێنی خۆپیشاندانەکان نەکەون.

بەهۆی نەبوونی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەنێوان واشنتن و تاران، باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێران کار دەکات. هۆشدارییەکە جەختیش دەکاتەوە کە هاووڵاتییان بە هیچ شێوەیەک هەوڵی چوونە ناو ئەفغانستان، عێراق یان ناوچە سنوورییەکانی پاکستان نەدەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.