ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێزەکانیان هێرشێکی چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقیان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور بەرپەرچ داوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، کاتژمێر 23:25ـی شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک چەکداری سەر بە لایەنەکانی حکوومەتی دیمەشق لە دیوی تری ڕووباری فوراتەوە، بە چەکی ڕەشاش هێرشیان کردووەتە سەر خاڵە سەربازییەکانی هەسەدە لە شارۆچکەی "ئەبو حەمام" لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هێزەکانیان دەستبەجێ وەڵامی سەرچاوەی تەقەکانیان داوەتەوە و هێرشەکەیان تێک شکاندووە. هەروەها جەختیان کردەوە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا هیچ زیانێکی گیانی لە ڕیزەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات نەکەوتووەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانیان تەواوی ڕێکارە ئەمنییە پێویستەکانیان بۆ پاراستنی ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایشی خاڵە سەربازییەکان گرتووەتە بەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.