Erbil 31°C سێشەممە 16 حوزەیران 07:48

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاماری كوژراوانی مه‌ده‌نی له‌ ئۆكراینا بڵاوده‌كاته‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە، دەزگای باڵای مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆرترین ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ئۆکراینا لە ساڵی 2022وه‌ وه‌ تا ئێستا تۆمارکردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکان بەدرێژایی هێڵی پێشەوەی ئۆکراینا توندتر بوونه‌ و رووسیا بەکارهێنانی چەکی دوور مەودای فراوانتر کردووه‌.

ئەم داتایانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە سەرکردایەتی ئەمه‌ریکا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە هێشتا لەرزۆکن، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو رووسیا ڕەشنووسی پلانێکی ڕەتکردەوە کە تێیدا وڵاتانی ئەوروپا دەستبەجێ دوای کۆتاییهاتنی جەنگ هێزی سەربازیی به‌ناوی ئاشتیپارێز لە ئۆکراینا جێگیر بکەن.

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە، "کۆی گشتی قوربانیانی مەدەنی لە ئۆکراینا ته‌نیا لە ساڵی 2025دا لانیکەم دوو هەزار و 514 کەس بووه‌ و 12 هەزار و 142 کەسیش برینداربوون، کە بە بەراورد بە ساڵی 2024 بە ڕێژەی 31% زیادیکردووە".

دانیێل بێڵ، سەرۆکی نوێنەرایەتی چاودێری کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئۆکراینا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “چاودێریکردنەکەیان دەریدەخات کە ئەم زیادبوونەی گیانله‌ده‌ستدانی خه‌ڵكانی مه‌ده‌نی نەک تەنها بەهۆی پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان بووه‌، بەڵکو بەهۆی فراوانبوونی بەکارهێنانی چەکی دوور مەوداشەوە بووە، کە هاووڵاتییانی مەدەنی لە سەرانسەری وڵاتدا رووبه‌ڕووی مەترسی زیاتر كردووه‌ته‌وه‌.

لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا لە مانگی شوباتی 2022ی بۆ سه‌ر ئۆکراینا تا ئێستا هیچ ژماردنێکی جێی متمانە نییە بۆ کۆی ژمارەی ئەو هاووڵاتییە مەدەنییانەی لە ئۆکراینا کوژراون.

لای خۆیه‌وه‌، نەتەوە یەکگرتووەکان کوژرانی نزیکەی 15 هەزار مەدەنی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕادەی ڕاستەقینەی قوربانیانی مەدەنی پێدەچێت زۆر زیاتر بێت."

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.