سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندی یانەی وەرزشیی ئامەد کرد و ڕایگەیاند، وەرزشوانان ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی، هاوکات پشتیوانیی خۆی بۆ یانەکە دووپات کردەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی کانوونی دووەم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی یانەی وەرزشیی ئامەد (ئامەد سپۆر) بە سەرۆکایەتیی ناهید ئەرەن، سەرۆکی یانەکە کرد.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان کورتەیەکیان دەربارەی یانەکە و کار و چالاکییەکانیان خستەڕوو کە یەکێکە لە یانە وەرزشییە پێشەنگەکانی تورکیا. هەروەها ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی حکوومەتیان کرد لە پشتیوانیکردنی بواری وەرزشی و وەرزشوانانی کوردستان و ئەو پێشکەوتنەی لە هەموو بوارەکاندا لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی وەرزش و وەرزشوانان کرد لە گەیاندن و پەرەپێدانی پەیامی ئاشتی و تەبایی لە نێوان گەلاندا.
مەسرور بارزانی وێڕای دەستخۆشی لە یانەی ئامەد سپۆر، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستن و پشتیوانیی خۆی بۆ بزاڤی وەرزشی و وەرزشوانان دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.