بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین و بەفر و پلەی گەرماش نزم دەبێتەوە.
ڕۆژی دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەم، بەرێوبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی ڕایگەیاند: ئاسمانی هەرێم بەگشتی بە نیمچە هەور دەمێنێتەوە. لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم و بەشێک لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە سەنتەری شارەوە تا ناوچە سنوورییەکان، پێشبینی دروستبوونی تەم دەکرێت و تا کاتەکانی درەنگانی شەو بەردەوام دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:، لە کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆوە، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین کە لە دەریای سپی ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە دەگاتە هەرێم. سەرەتا کاریگەرییەکەی لە پارێزگای دهۆک بە نمە باران و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور بە بەفر دەست پێدەکات، پاشان لە کاتەکانی شەودا شەپۆلەکە درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی ناوەڕاستی هەرێم.
بۆ سبەی سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەم، کەشناسی ئاماژە بەوە دەکات ئاسمانی هەرێم بە تەواوی دەگۆڕێت بۆ هەوری باراناوی. لە زۆربەی ناوچەکان نمە باران دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکانیش بەفر بارین دەست پێدەکات. کەشناسی هۆشداری دەدات کە ئەم ناسەقامگیرییەی کەشوهەوا تا ڕۆژی چوارشەممە بەردەوامی دەبێت. پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 3 بۆ 4 پلەی دیکە نزم دەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرما بۆ ئەمڕۆ و سبەی
| ناوچە جیاجیاکانی هەرێم | دووشەممە | سێشەممە |
| هەولێر | 14 | 11 |
| سلێمانی | 10 | 6 |
| دهۆک | 11 | 7 |
| کەرکووک | 14 | 12 |
| هەڵەبجە | 13 | 8 |
| سۆران | 6 | 3 |
| چەمچەماڵ | 12 | 9 |
| حاجی ئۆمەران | -2 | -1 |
| زاخۆ | 12 | 7 |
| پیرمام | 12 | 8 |
| گەرمیان | 16 | 12 |
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.