بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سۆران رایگەیاند، ئەو شوفێرەی ببووە هۆكاری گیانلەدەستدانی خوشك و برا قوتابییەكەی گوندی سەرنەوس لە سنووری شارەدیی وەرتێ، خۆی ڕادەستی پۆلیس كرد.
هاتوچۆی سۆران بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ یەكشەممە بنکەی پۆلیسی وەرتێ ئاگاداركرایەوە بەبوونی ڕووداوێکی هاتوچۆ لە جۆری شێلان لە گوندی سەرنەوس سەر بە شارەدێی وەرتێ.
لە ئەنجامی ڕووداوەکە دوو قوتابی لەکاتی چوونیان بۆ قوتابخانە کە خوشک و برای یەکتر بوون بە ناوەکانی (ز. ز. ع) (ه. ز. ع) زامدارببوون، دواتریش لەبەر سەختی برینەکانیان گیانیان لەدەست دا.
هاتوچۆی سۆران هەروەها بڵاوی كردەوە: دەستبەجێ لەلایەن بنکەی پۆلیسی وەرتێ دەست کرا بە لێکۆلینەوە و پەڕاوی لێکۆلینەوەی بۆ ڕێک خرا و دادوەری لێکۆلینەوەی ڕواندز بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ شوفێری تۆمەتبار بەناوی (ڕ. گ. خ) دەركرد، لە هەمانکاتدا تۆمەتبار خۆی ڕادەستی بنکەی پۆلیسی وەرتێ کرد.
ئاماژەی بەوەش دا كە تۆمەتبار بە پێی ماددەی 24 لە یاسایی هاتوچۆ ڕاگیراوە و ئۆتۆمبێلەکەشی لە جۆری (پیکاب دێر) دەستی بەسەردا گیراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.