هەندێک جار بینینى وێنەیەکى هونەریی پێشترپێی ئاشنا نەبووبێتم، بۆمن بۆتە حەزو ئارەزوو کەبەدواى ناوى هونەرمەندەکانى ناو وێنەکەدا بگەڕێم و ناو و شوێن و ساڵى گرتنى وێنەکە ساغ بکەمەوە، چونکە ئەوە بەڵگەو ئەرشیفیێکى بەنرخى هونەرى نەتەوەکەمانە، لەمانگى (9ى ساڵى 2024) لەتەک هونەرمەندى ژەنیار و گۆرانیبێژى میللیى ( حەسەن حسێنى مەهابادى) وتووێژى هونەریم ئەنجام دەدا، وێنەیەکى وەک بەڵگەى کارە هونەرییەکانى پیشاندام ، بۆمن ئەوە یەکەم جاربوو بەو وێنەیە ئاشنابم ، لەوێنەکەدا هونەرمەندى ژەنیارى( موسەیب_ تار)، ( حەسەن حسێنى مەهابادى_ زەڕب) یان دەژەنى ، هونەرمەندێکى باڵابەرز لەوێنەکەدا گۆرانى دەچڕى ، لەکاک حەسەن حسێن مەهابادیم پرسیی : ئەى ئەو هونەرمەندە کێیە گۆرانى دەخوێنێ و شوێنەکەش کوێیە ؟
لەوەڵامدا پێی ڕاگەیاندنم : ئەوە هونەرمەندى دەنگخۆش کاک محەمەدى عەزەمى یە ، یەکێکە لەدەنگخۆشەکانى شارى سەقز، شوێنەکەش هۆڵى کارگەى دوخانیات( کارگەى تووتن) ى شارى سەقزە، بۆساڵەکەش ساڵى (1345) ى هەتاوى یە، بەرامبەر بە
( 1966 ى زایینى).
ئەو ناو و زانیارییە بۆمن نوێ بوو، کەوتمەهەوڵ و پەیداکردنى زانیارى لەسەر ئەو هونەرمەندە میللییە، لەڕێێ کەناڵى( ئینیستاگرام) پەیوەندیم کرد بە کاک
( فەرەیدون عەزەمى) کوڕى هونەرمەند محەمەدى عەزەمى یام محەمەدى زارعى .
لەتەواوى کوردستاندا زۆر دەنگبێژ و بەیت بێژ و لاوک بێژ و گۆرانیبێژمان هەبووە، لەدیوەخان و کۆڕو کۆبوونەوەى ماڵان و شایی و زەماوەندەکان بەدەنگە خۆشەکانیان گۆرانییان چڕیوە ، بەڵام بەهۆى نەبوونى ئامێرى دەنگ هەڵگرەوە لەدەنگ هونەرەکەیان بێ بەش بووین و نەتوانراوە سوود لە بەهرەو دەنگەکەیان وەربگرین ، هەرئەو ڕۆژگارە هونەرەکەیان گەیاندووە بەخەڵک و هیچ لەبەرهەمەکەنیان لەپاش بەجێ نەماون، لەگەڵ پەیدابوونى کۆمپانیاکانى ( گرامافۆن _ سەفحە) و ڕادیۆ و ئامێرى تۆمارکردن، ئەو گۆرانیبێژانە بەهەر شێوەیەک بووبێت زەحمەتیان کێشاوە، یان بەهۆى کەسانى بەئاگا و هونەردۆست ئەو دەنگخۆشانەیان بردۆتە کۆمپانیاکانى گرامافۆن یان ڕادیۆکان، دەنگ و هونەرى ئەوگۆرانیبێژانە تۆمارکراوون ئەمڕۆ بوونەتە سەرچاوە و ئەرشیفێکى بەنرخ بۆ مێژووى هونەرى موزیک و گۆرانى کوردى .
بابێمەوە سەرکۆرکى باسەکەم و ئەو هونەرمەندە میللییەى شارە جوانەکەى سەقز، ئەوشارەى بەکانى هونەر ناسراوە، هونەرمەند( محەمەد عەزەمى).
سەرەتا لەکاک فەرەیدون عەزەمى کوڕى هونەرمەندم پرسی : نازناوى باوکى ڕەوانشادتان بە محەمەدى زارعى ناسراوە ، ئایا هیچ پێوەندییەکتان لەگەڵ هونەرمەندى میللیی ( ئەحمەدى زارعى یان ئەحمەدى زەهرایی) ئەویش خەڵکى شارى سەقزە وگۆرانیی دەخوێنێ و ژەنیارى ئامێرى (دایرە) یە هەیە ؟
لەوەڵامدا پێی ڕاگەیاندم : هونەرمەند ئەحمەدى زەهرایی، تەنها دۆست و هاوکار و هاوڕێی هونەریی باوکم بووە، هیچ پەیوەندییەکى خزمایەتى لەگەڵ باوکمدا نییە، چۆن لەگەڵ باوکى ڕەحمەتیمدا وەک ژەنیارى ئامێرى دایرە لەئاهەنگەکاندا بەشدارى بووە، لەگەڵ ڕێزو حورمەتم بۆى کاک ئەحمەد زۆرجار بۆناوبانگى کارى هونەریی لە شورەتى زارعى کەڵکى وەرگرتووە.
بیبلۆگرافیاى هونەرمەند ( محەمەدى عەزەم) ...!
محەمەد عەزەم کاکل، نازناوى( محەمەدى زارعى) یە، زیاتر بە محەمەدى عەزەمى لەنێو خەڵک و نێوەندى هونەریدا ناسراوە ، ئەم هونەرمەندە لەبنەڕەتدا سەربەعەشیرەتى ( جاف) ى ناوچەى شلێر،باب و باپیرى هونەرمەند لەناوچەى شلێرەوە چوونەتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و لەگوندى (ئەوینان) ى نزیک بەشارۆچکەى( ساحێب) نیشتەجێ بوون،
محەمەد عەزەمى لەساڵى( 1314) ى هەتاوى ، واتە ( 1935) ى زاینى لەشارۆچکەى (ساحێب) ى سەربەشارى سەقزى ڕۆژهەڵاتى کوردستان چاوى بەدنیا هەڵهێناوە،
خانەوادەکەیان لەساڵى (1951) ئەو کاتە محەمەد لەتەمەنى (16) ساڵیدا دەبێـت بەماڵەوە دێنە شارى سەقز و لەگەڕەکى ( گەرمکاو) نیشتەجێ بوون.
بەهۆى سەختى ژیان و گوزەران لەگوند و نەبوونى قوتابخانە لەوسەردەمەدا محەمەد نەخراوەتە بەرخوێندن ، بەڵام بەهۆى دەوڵەمەندى ناوچەکەى لەبارى هونەرەوە لەتەمەنى منداڵییەوە محەمەد بەهرەى دەنگخۆشیی تێدا بەدى کراوە و گۆرانییە فۆلکلۆرییەکانى ناوچە و دەڤەرەکەى تێیدا ژیاوە خوێندووە، بەم کارەى سەرنجى دەوروبەرەکەى بۆ لاى بەهرەى دەنگخۆشییەکەى ڕاکێشاوە.
لەناو کۆمەڵى کوردەواری لەوسەردەمەدا دیوەخانى دەرەبەگ وئاغاکان شوێنى کۆڕو کۆبوونەوە دەرکەوتنى بەهرەى ئارەزوومەندان و دەنگخۆشان بووە ، محەمەدى عەزەمى تەمەنى گەیشتۆتە (21) بەهار واتە لەساڵى( 1956) بەهۆى ئەو توانا هونەرییە خۆوێژیی و خۆڕسکەى هەیبووە ، پەیوەندى دۆستایەتى لەگەڵ ( حەمەئاغاى جوانمەردى) سەرۆکى عەشیرەتى گەورکى سەقز پەیدا دەکات ، لەلایەن حەمەئاغاوە بانگهێشتى دیوەخانەکەى دەکرێت و سەرسام دەبێت بەدەنگى خۆشیی ، دەبنە دۆست و هاوڕێی نزیکى یەکترى ، دواتر لەلایەن( حەمە ئاغاى شارەدار) وەکیلى دێهاتى قەپەغلۆى سەربەشارى سەقز، بانگهێشت دەکرێت و ڕێزو حورمەت بۆکەسایەتى و دەنگ و هونەرەکەى دادەنێن، ئەو نزیکى و دۆستایەتیەى لەگەڵ هەردوو ئاغا تا کۆتا ڕۆژەکانى ژیانى ، دەبێتە هۆى ئەوەى بەهۆى ئەو پەیوەندییە دۆستانەیەى لەگەڵ ئاغاکان لەکارگەى پوختەکردنى تووتن لەشارى سەقز وەک کارمەند دادەمەزرێـت.
کاتێک وەک کارمەند لەکارگەى پوختەکردنى تووتنى شارى سەقز کارى کردووە لەپێناو دابینکردنى بژێوى ژیانى خۆیی و خانەوادەکەى، هونەرەکەشیی فەرامۆش نەکردووە و لەکۆڕو کۆبوونەوەى یاران و زەماوەند و شایی دا گۆرانى خوێندووە، لەڕێی دەنگخۆشیی و هونەرەکەیەوە لەگەڵ هونەرمەند و بلیمەتى نەمر ( حەسەن زیرەک 29/11/1921_26/6/1972) دەبن بەهاوڕێ و دۆستى نزیکى یەکترى و جگە لە بەهرە هونەرییەکەى کەپەروەردگار پێی بەخشیوە لەهەمانکاتیشدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرى دەنگ و هونەرە بەرزەکەى هونەرمەند حەسەن زیرەک و گۆرانییەکانى ئەو بلیمەتە نەمرەى گوتۆتەوە، بەڕێوەبەرى کارگەى پوختەکردنى تووتنى شارى سەقز ، کەسێکى هونەرخۆشەویست و دۆستى هونەر و هونەرمەندان بووە ، کاتێک زانیویەتى ئەم کارمەندەى خاوەنى ئەو بەهرەیەو دەنگى خۆشە زۆر ڕێزى لێدەگرێت و هەمیشە لەهەوڵى ئەوەدا دەبێت پشتیوان و هاوکارى بێت تابەردەوام بێت لەسەرکارى هونەریی ، هەمیشەش هەوڵى داوە بۆنە و ئاهەنگ ڕێکبخات و محەمەدى عەزەمى وەک گۆرانیبێژ ئاهەنگەکە ببات بەڕێوە،
مامۆستا و هونەرمەندى ژەنیار و گۆرانیبێژ ( ڕەشیدخانى فەیزنەژاد_1951 سەقز ) دەربارەى هونەرمەند محەمەد عەزەمى دەڵێت :
( کاک محەمەدى عەزەمى یەکێک لەدۆستان و هاوکارى گرووپەکەمان بوو لەسەقز، لەساڵۆنى کانتینى دوخانیاتى سەقز ، ساڵۆنێک بوو (6 بۆ7) هەزار نەفەرى دەگرت هەمیشەیش ئەوەندە میوان و تەماشاچیمان هەبوو ، ڕەئیسى دوخانیات عەلاقەى بەهونەر هەبوو ، هونەردۆست بوو ، زۆر لەگەڵ کاک محەمەد لوتفى هەبوو،ئەوەندە خۆشیی دەویست لاى خۆى داینابوو، دڵى نەدەهات بنێرێتە ناو کارخانە تا تەپ و تۆزى تووتن ئازارى نەدات، کاک محەمەد هەمیشە لەکۆنسێرتەکان لەگەڵماندا بوو زۆر دەنگى خۆشبوو، بەهۆى دۆستایەتى و خۆشەویستى بۆ مامۆستا حەسەن زیرەک ، هەرچى گۆرانیەکى تازەى ئەووت ، کاک محەمەدى زارعى فێرى دەبوو لەکۆنسێرتەکاندا دەیگووتەوە ، یەکەمجار مامۆستا حەسەن زیرەک گۆرانیی(یاڵڵا شۆفێرى) خوێند ، یەکەم کەسێک لەکۆنسێرتەکاندا کاک محەمەدى عەزەم بوو لەگەڵ مندا لەساڵۆنى دوخانیات خوێندییەوە) (1).
هونەرمەند محەمەدى عەزەمى و ڕادیۆى سنە ..!
بەهۆى ئەو دۆستایەتى و ئاشنایەتیەى لەگەڵ مامۆستا و هونەرمەند( حەسەن زیرەک) دا هەیبووە، ئەو ئاشنایەتیە دەبێتە دەروازەیەک بۆ محەمەدى عەزەمى و بتوانێت گۆرانى لەڕادیۆ تۆماربکات، کەواتە هونەرمەند حەسەن زیرەک لەنێوانى ساڵى ( 1341 بۆ 1342 ى هەتاوى ) بەرامبەر ( 1962بۆ 1963ى زایینى ) لەگەڵ خۆیدا دەیبات بۆڕادیۆى سنە و بەهونەرمەندانى ژەنیارى ئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە بەسەرپەرشتى مامۆستا و هونەرمەند (حەسەنى کامکار) دەناسێنێ،
هونەرمەند محەمەدى عەزەمى بەهاوکارى هونەرمەندانى ئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە ، هونەرمەندانى ژەنیار :
1/ (حەسەنى کامکار 22/3/1923_13/5/1992) ژەنیارى (فیۆلۆن) .
2/ ( گریشا میکائیل زادە 28/8/1929_6/4/1999) ژەنیارى (فیۆلۆن) .
3/( عەباسى نیروومەند 1931_27/9/2016) ژەنیارى ( قەرەناى _کلارنێت).
4/ ( سەعید حەداد ) ژەنیارى ( فلووت).
5/ ( فەرەیدوونى بڕوخێم) ژەنیارى ( زەڕب).
دوو گۆرانى فۆلکلۆر بەناوەکانى :
1/ بووک زێنێ.
2/ ئەى وەى وەى هاتەوە، تۆماردەکات و لەڕێی شەپۆلەکانى ڕادیۆى سنەوە دەدرێت بەگوێی گوێگران و هەوادارانى موزیک و ئاوازى ڕەسەنى کوردى .
لە ناوچەى موکریان هونەرمەندێکى دیکە دەنگ خۆشى بەیتبێژ و حەیرانبێژ بەناوى ( حەمە جان) هەبووە بەدەنگە خۆشەکەى خەڵک و گوێگرى سەرسام کردووە، لەهەمان ساڵدا هونەرمەند حەمە جان ئەویش بەمەبەستى تۆمارکردنى گۆرانى ڕوودەکاتە ڕادیۆى سنە، چەند گۆرانییەک تۆماردەکات، لەگەڵ بڵاو بوونەوەى گۆرانییەکانى هەردوو هونەرمەندى میللیی ( محەمەدى عەزەم و حەمە جان) ، لەبەر نزیکى تۆن و ئەداى دەنگى هەردوو هونەرمەند و شێوازى ژەنینى ئامێرەکانى موزیک لەلایەن ئەو هونەرمەندە بەتوانایانەى ئۆرکێستراى ڕادیۆى سنە،لێکچوون و بەهەڵە تێگەیشتنێک لە گوێی گوێگراندا ڕوودەدات ، ئەو بەهەڵە تێگەیشتنە دەبێتە هۆکارى ئەوەى کە ناوى هونەرمەند محەمەدى عەزەم بەرەو کاڵبوونەوە و لەبیر چوونە بچێت، بەهەوڵ و تێکۆشان و خەمخۆریی و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونى ووردى ئەو کەسایەتییە بەڕێزانە :
( کاوە پێشداد ، قادرى ئازمەند و پەژمانى عەزیمى)
توانرا سەرلەنوێ دەنگ و هونەر و گۆرانییەکانى هونەرمەند محەمەدى عەزەم ساغبکرێتەوە ، کە ئەو دوو گۆرانییە هونەرمەند محەمەدى عەزەمە و لەڕادیۆى سنە تۆمارى کردووە ، تەنانەت یەک ( قەوان _ سەفحە) ش دۆزراوەتەوە وەکو بەڵگەیەکى مێژوویی کە وێنەى هونەرمەند محەمەدى عەزەمى لەسەر دانراوە، سوپاسگوزارى بۆ زەحمەت و ماندوبوونى ئەو سێ ئازیزەى خەمخۆرى موزیک و هونەر و هونەرمەندانى نەتەوەکەمان.
بەداخەوە خاوەنى ئەو بەهرە دەنگخۆشییە محەمەدى عەزەم تەنها ئەو جارە چۆتە ڕادیۆ و دواتر نەچۆتەوە ؟! بەڵام لەکۆڕو کۆبوونەوە و ئاهەنگەکان دا گۆرانى خوێندووە، چونکە زۆر حەزى بەهونەرى گۆرانى گووتن کردووە و پەیوەندیەک و خۆشەویستییەکى قوڵى هەبووە بۆ هونەر، بەڵام هونەرەکەى لەپێناو وەرگرتنى پارەدا نەبووە، بەڵکو مەبەستى بووە ئەو هونەرەى هەیەتى بیگەیەنێتە گوێی خەڵک و هەوادارانى دەنگ و هونەرەکەى، بەشێک لەو دانیشتن و ئاهەنگانە تۆمارکراون و وەک ئەرشیف لاى کاک( فەرەیدون عەزەمى) کوڕى هونەرمەند پارێزراوون و بەداخەوە هەندێکێشى فەوتاون..!
محەمەدى عەزەم بەدووقۆڵى گۆرانى لەگەڵ هونەرمەندان و دەنگبێژاندا خوێندووە وەک ( سەدیقى زوهرى 1942_ ؟ ) و (ئەحمەد شەماڵ 1922_3/4/1997) لەچەندین کۆڕو زەماوەند و شاییدا بەشدارى کردووە .
بۆئەو مەبەستە دەگەڕێمەوە بۆ زانیارییەکانى هونەرمەند و مامۆستا ( ڕەشیدخانى فەیزنەژاد) پێمان دەڵێت ( ئەگەر بۆ شایی و زەماوەندیش بچووبایە، لەبەر ئەوەى پەیوەندى خۆشەویستى بۆهونەرى گۆرانى هەبوو، نەشاباشى وەردەگرت ، نەلەخاوەن شاییەکە پوڵى وەردەگرت، چونکە بۆخۆم لەچەندین شایی دا بینیوومە، هونەرمەند ئەحمەد شەماڵ کەدێتە سەقز و دەپرسێت هونەرمەندى سەقز کێیە؟ کاک محەمەدى زارعى پێ دەناسێنن، بەیەکەوە بەدووقۆڵى گۆرانییان گوتووە، کاک ئەحمەد شەماڵ هونەرمەندێکى دەنگخۆش و ناسراوە لەو دانیشتنەدا کاک محەمەدى زارعى شان بەشانى کاک ئەحمەد شەماڵ گۆرانى گوتووە) (2).
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هونەرمەند ڕەشیدخانى فەیز نەژاد، ئاماژە بەبوونى تۆمارکردنى ئەو دانیشتنە دووقۆڵییەى نێوان ئەحمەد شەماڵ و محەمەدى عەزەم دەدا، لەئەرشیفەکەىدا هەیە بەهۆى جەنجاڵى و سەرقاڵى کارى ڕۆژانەیەوە بۆى نادۆزرێتەوە، بەڵام بەڵێنى داوە بەخانەوادەکەى هونەرمەند هەرکات دۆزییەوە بۆیان بنێرێتەوە.
هونەرمەندى میللیی محەمەدى عەزەم یان محەمەدى زارعى ، لەبارى کۆمەڵایەتییەوە ، کەسێکى نەرم و نیان و میهرەبان و خۆشەویستى نێو خەڵک بووە ، لەماوەى ژیانیدا (3) ژنى خواستووە و ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە ، بەروبوومى ئەو ژیانە هاوبەشە ، خاوەنى (4 کچ و 2 کوڕ) بووە،
لەناوبنەماڵەکەیدا برایەکى هەبووە بەناوى( حەسەنى عەزەمى) ئەویش خاوەنى دەنگێکى خۆش بووە و بەپشتیوانى و هاندانى براگەورەکەى محەمەدى عەزەمى ، هاتۆتە نێو دنیاى هونەر و خاوەنى (2) کاسێتە لەتۆمارگاکاندا هەیە ، ئەو دوو برا دەنگخۆشە لە ئاهەنگ و ماڵاندا پێکەوە گۆرانییان خوێندووە،بەداخەوە حەسەنى عەزەمى لەساڵى (2014) کۆچى دوایی کردووە و لەگۆڕستانى ( ئایچى) لەشارى سەقز بەخاک سپێردراوە .
بەهرەو تواناى هونەریی محەمەدى عەزەم و لوتکەى دەرکەوتنى هونەرەکەى لەنێو جەماوەردا لەنێوانى ساڵى (1961 تا 1971) ى زاینیی دا بووە ، بەداخەوە دواتر نەخۆشیی بەرۆکى پێدەگرێت و لەتەمەنى (50) ساڵیدا خۆرى تەمەن و هونەریی لەبەهارى ساڵى ( 1985) ى زاینیی ئاوادەبێت و بۆهەمیشە چاوەکانى لێکدەنێت ، لەسەر داوا و وەسیەتى خۆى تەرمەکەى دەبەنەوە زێدەکەیی و لەشارۆچکەى (ساحێب) ئەسپەردەى خاکى پیرۆزى کوردستانى دەکەن .
دروود و سڵاو بۆگیانى پاکى هونەرمەندى میللى محەمەدى عەزەم یان محەمەدى زارعى ، ڕۆحى شاد و ئارام بێت ، سڵاو لەمێژووى هونەریی و مێژووى بەنرخ و دەوڵەمەندى شارە جوانەکەى سەقزى ڕۆژهەڵاتى کوردستان کە لانکەو فێرگەى دەیان هونەرمەندى بەرزى نەتەوەکەمانە.
جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 6/1/2026 _ سلێمانى.
سەرچاوە:
(1 و 2 )ئینیستاگرام ، واڵى هونەرمەندى ژەنیار و لێکۆلەر (کاوە پێشداد) پەیوەندى تەلەفۆنى نێوان کاک کاوە و هونەرمەند ڕەشیدخانى فەیزنەژاد.
لەدڵەوە سوپاسگوزارى بێ پایانم بۆهەریەک لەبەڕێزان کاک فەرەیدوونى عەزەمى و هونەرمەند کاوەى پێشداد، بۆپشتیوانى و هاوکارییان دەربارەى نووسینى ئەو ژیاننامە هونەرییە (ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.