Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 04:52

ئەنجومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە: ڕادەستی هیچ لایەنێک نابین و بەرگری دەکەین

کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی گشتیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شارى حەلەب، ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەی لەبارەی دوایین پەرەسەندنە سەربازییەکان و هێرشەکانی سەر ناوچەکە بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند، جەخت لەسەر مانەوە و بەرگریکردن دەکەینەوە و بێدەنگیی نێودەوڵەتیش شەرمەزار دەکەین.

ڕۆژی هەینی، 9ـی کانوونی دووەم، ئەنجومەنی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ڕایانگەیاند: لە 6ـی کانوونی دووەمەوە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە ڕووبەڕووی بۆردومانێکی توندی چەکە قورسەکان بوونەتەوە و حکوومەتی کاتی بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی تورکیا، بە ئەنقەست مزگەوت، قوتابخانە، ماڵی مەدەنییەکان و تەنانەت نەخۆشخانەی گەڕەکەکەیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک تاوانی جەنگ وەسف کراوە کە بووەتە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک ژن و منداڵ.

ئەنجومەنی گشتی ئاماژەی بەوە کردووە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم هێرشانە، ئەنجامدانی کۆمەڵکوژییە دژی دانیشتووان و دەسپێکردنی شەپۆلێکی نوێی کۆچی زۆرەملێیە. هەروەها جەختیان کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوانە بۆ تێکدانی دیمۆگرافیای ناوچەکە و لەناوبردنی ئەو ڕێککەوتنانەیە بەتایبەت ڕێککەوتنی 1ـی نیسان کە پێشتر لەسەر ناوچەکە کرابوون.

ئەنجومەنەکە ڕاشیگەیاند: ئێمە هیچ متمانەیەکمان نییە ئاسایشی ناوچەکەمان ڕادەستی حکوومەتی دیمەشق بکەین. هەروەها هەموو ئەو فشارانەیان ڕەت کردەوە کە داوای تەسلیمبوون و خۆبەدەستەوەدانیان لێ دەکات.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەنجومەنی گشتیی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە داوای ''نەفیر عام'' و ئامادەباشی گشتییان لە هاووڵاتییان کرد بۆ ئەوەی لە تەنیشت هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ بوەستن و پارێزگاری لە گەڕەکەکانیان بکەن، دوپاتیشیان کردەوە: ''سوورین لەسەر مانەوە و بەرگریکردن، هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین''.

ئەنجومەنەکە بە توندی بێدەنگیی ئەو هێزە نێودەوڵەتییانەی شەرمەزار کرد کە گەرەنتیی ڕێککەوتنەکانی 10ـی ئازار و 1ـی نیسان بوون و ڕایگەیاند کە ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات دووبارەبوونەوەی ئەو کۆمەڵکوژییانەیە کە پێشتر دژ بە پێکهاتەکانی وەک عەلەوی و درووزەکان ئەنجام دراون.

سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.