Erbil 31°C چوارشەممە 24 حوزەیران 11:12

بەرگریی شارستانیی سۆران: ژمارەیەک هاووڵاتی و ئۆتۆمبێل لە بەفردا گیریان خواردووە 

کوردستان TV
100%

بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سۆران ئاماری ڕووداوەکانی 24 کاتژمێری ڕابردووی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی بەفر و بارانەوە لە چەندین ناوچە هاووڵاتییان و ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە و مەترسی لەسەر ماڵێکیش دروست بووە.

ڕەوەند مەحموود، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی ڕووی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردووە، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا تیمەکانیان بەشداریی چەندین ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنیان کردووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، لە چیای حەسەن بەگ ئۆتۆمبێلێک گیری خواردبوو و سەرنشینەکانی ڕزگار کران، هەروەها لە دۆڵی ئاڵانە 20 ئۆتۆمبێل و لە چیای زۆزکیش چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکە لەنێو بەفردا دەرھێنراون و ڕزگار کراون.

سەبارەت بە دۆخی ئێستا، ڕەوەند مەحموود ئاشکرای کرد: "لە قەزای سیدەکان 7 هاووڵاتی لەنێو بەفردا گیریان خواردووە و تیمەکانمان لە هەوڵی ڕزگارکردنیاندان، هاوکات دەنگۆی ونبوونی چەند هاووڵاتییەکی دیکەش هەیە، بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە". هەروەها لە گۆمی فێڵاو لە قەزای چۆمان چەند کەسێک گیریان خواردووە و داوای بەهاناوەچوون دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوە کرد، لە ناحیەی مەزنێ بەهۆی بارانبارینەوە، ڕووداوی داڕمانی ڕێگە و شاخ لە پشت ماڵی هاووڵاتییەک ڕووی داوە و مەترسیی ڕووخانی خانووەکەی هەیە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرگریی شارستانیی سۆران، وێڕای ئاماژەدان بە تۆمارکردنی چەند ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئەگەر زۆر پێویست نەبێت ڕێگەکانی دەرەوەی شار بەکار نەهێنن و گەشت بۆ شوێنە سەخت و شاخاوییەکان نەکەن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.