بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەو حاجیانەی لە گەشتی حەجی ساڵی 2025 بەهۆی تێکچوونی دۆخی ناوچەکە بە پاس گەڕاونەتەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەم، کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: لە لایەن دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقییەوە ئاگادار کراوینەتەوە کە تەواوی ئەو حاجیانەی ساڵی 2025 کە ژمارەیان 3443 حاجییە و بڕیاربوو بە فڕۆکە بگەڕێنەوە، بەڵام بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق ناچاربوون بە پاس بگەڕێنەوە، جیاوازی پارەی گەشتەکانیان بۆ دەگێڕدرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەشی ژمێریاری دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراق پێمان دراوە، بڕی قەرەبووەکە بۆ هەر حاجییەک تەنها 80 هەزار دینارە. ئەم بڕە پارەیەش لەلایەن لیژنەیەکی دەستەی باڵای حەج و عومڕەی عێراقییەوە خەمڵێنراوە، بەبێ ئەوەی هیچ نوێنەرێکی وەزارەتی ئەوقاف و بەڕێوەبەرایەتی حەجی هەرێم لە ناو لیژنەکەدا هەبێت، چونکە پڕۆسەی گرێبەستی فڕۆکە و ئۆتێل و خزمەتگوزارییەکان ساڵانە لەلایەن بەغداوە ئەنجام دەدرێت.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتیشی: تاوەکو ئێستا نووسراوی فەرمییان بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام بڕیارە دوای پشووەکانی سەری ساڵ نووسراوەکە بگاتە هەرێمی کوردستان بەڵام پێشوەختە ئاگادار کراوینەتەوە کە لیستی ناوی حاجیان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بۆیان ڕەوانە بکەین.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، جەخت دەکاتەوە کە دوای گەیشتنی بڕە پارەکە، بە میکانیزمێکی گونجاو و بە ئەوپەڕی ئاسانکارییەوە پارەکە دەگەیەننە دەستی ئەو هاووڵاتیانەی کە ناویان لە لیستەکەدا هەیە و لە گەشتەکەیاندا بە پاس لە سعوودیەوە گەڕابوونەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.