وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق بەفەرمی وادەی قەدەغەكردنی هەموو جۆرە مریشكێكی دیاری كرد كە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو 2026 دەبێت.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: بڕیاری قەدەغەكردنی هاوردەكردنی مریشك و بەرهەمەكانی لە رێكەوتی 15ی كانوونی دووەمی 2026 دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە سەرەتای مانگی 9ی ئەمساڵ ئەنجوومەنی وەزاری بۆ كاروباری ئابووری عێراق لەسەر داوای وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق، بڕیاریدابوو هاوردەكردنی مریشك بە هەموو شێوەكانییەوە قەدەغە بكرێت وەك پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمی كێڵگە پەلەوەرییەكانی ناوخۆ.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە كاتی دەركردنی بڕیارەكەدا رایگەیاندبوو: دەركردنی ئەم بڕیارە بۆ پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆ و كێڵگە پەلەوەرییەكانە و هەروەها نەهێشتنی ئەو هەموو بەرهەمە زۆرەی مریشكی هاوردەكراوە لە بازاڕەكاندا.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشدابوو كە بڕیارەكە لەسەرەتای ساڵی نوێ دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم ماوەیەش دەبێتە دەرفەتێك تا لایەنە پەیوەندارەكان ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.