حكوومهتی ئیمارات رایگهیاند، لە ماوهی ساڵی 2025دا 17 بازرگانی مادەی هۆشبەری ڕادەستی فەرەنسا کردووهتهوه، بەپێی سەرچاوە نزیکەکانی جیرارد دارمانین وەزیری دادی فەرەنسا کە لە دوێنێ یەکشەممه یاوەری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆککۆماری فهرهنسا بووە لە سەردانەکەیدا بۆ ئیمارات.
جگە لەوەش بەگوێرەی سەرچاوەکان، 82 شوقە یان خانوو لە ئیمارات كه هی بازرگانهكانی مادهی هۆشبهر بووه دەستی بهسهردا گیراوه.
لە ساڵانی ڕابردوودا بازرگانانی مادەی هۆشبەری فەرەنسی ڕوویان لە ئیمارات کردووە و بەشێکیان ژمارەیەکی زۆر لە موڵک و خانوو یان شوقهیان لهو وڵاته كڕیووه.
لە دیارترینیان عەبدولقادر بوخاتایایە کە نازناوی "بیبی"ی لێنراوە، کە گومانی هەماهەنگی هاوردەکردنی کۆکاین له ئیماراتهوه بۆ شارەکەی خۆی لە شاری لۆهاڤرێ له فهرهنسا لێدهكرێت و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا رادەستی فەرەنسا کرایەوە و لە 17ی کانوونی دووەمی ئهمساڵ به 15 ساڵ زیندانیكردن سزا درا.
جێی باسه، فەرەنسا لە چەندین بواردا هاوکاری لەگەڵ ئیمارات دەکات، لە زیرەکی دەستکرد و کولتوورەوە بگره تا دەگاتە بازرگانی. بەپێی ڕاپۆرتی سەرۆکایەتی فەرەنسا ئیماراتی بەرهەمهێنەری نەوت گەورەترین هاوردەکاری کاڵای فەرەنسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئێستا پاریس هەوڵدەدات پاڵپشتی ئیمارات لەو جەنگەدا دەستەبەر بکات کە حکوومەتی فەرەنسا لەبارەی بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە رایگەیاندووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.