فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاشكرای دەكات كە لە هەفتەی داهاتووەوە گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و توركیا دەست پێ دەكاتەوە و هەفتانەش بەشێوەیەكی گشتی سێ گەشت ئەنجام دەدرێن.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوی كردەوە: هێڵی ئاسمانی پێگاسۆس گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان ئەستەنبۆڵ و سلێمانی دەست پێ دەکاتەوە.
بڵاویشی كردەوە: بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن هێڵە ئاسمانییەكە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نێدراوە، وا بڕیارە لە رۆژی 27/12/2025 گەشتە ئاسمانییەکان لەنێوان (ئەستەنبۆڵ-سلێمانی-ئەستەنبۆڵ) دەست پێ بکەن.
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا كە وا بڕیارە هەفتانە 3 گەشتی ئاسمانی ئەنجام بدرێت.
گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی بۆ وڵاتی توركیا بە بڕیارێكی وڵاتی توركیا لە رێكەوتی 3ی نیسانی ساڵی 2023 راگیرابوون.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دوایین سەردانیدا بۆ وڵاتی توركیا لە مانگی 10ی ئەمساڵ، بەفەرمی داوای لە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا كردبوو گەماڕۆی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێت، ئەویش لای خۆیەوە داواكارییەكەی قبووڵ كردبوو.
فەلاح مستەفا كە لەو سەردانەدا یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو، پێشتر بە (كوردستان تیڤی) رایگەیاندبوو: لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رەجەب تەیب ئەردۆغان فەرمانی كردووە گەماڕۆی سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی هەڵبگیرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.