پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کارەکانی قیرتاوکردنی جووتسایدی هەولێر – گۆمەسپان بە تەواوی کۆتاییان هات و ئێستا سەرقاڵی هێڵکاری و کارە هونەرییەکانن، بڕیارە سەرەتای ساڵی نوێ بە ڕووی شۆفێراندا بکرێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر – گۆمەسپان لە قۆناغی کۆتاییدایە و هەردوو سایدەکەی قیرتاو کراون، لە ئێستادا دەست کراوە بە شۆردنی ڕێگەکە و ئامادەکاری بۆ هێڵکارییکردن، تەنیا تەواوکردنی دەروازەی هەولێر و بەشێک لە پردەکەی چوارڕیانی گۆمەسپان ماوە، کە پێشبینی دەکرێت ئەو بەشەش لە ماوەی 10 بۆ 15 ڕۆژدا تەواو بکرێت.
پڕۆژەکە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، درێژییەکەی 16 کیلۆمەترە و پانیی هەر سایدێکی 10 مەتر و 75 سانتیمەترە. ڕێگەکە بە باشترین کوالیتی و ستاندارد دروست کراوە، کە لە سێ چین قیر پێکهاتووە بۆ ئەوەی بەرگەی بارهەڵگر و هاتوچۆی زۆر بگرێت، خێرایی دیاریکراوی لێخوڕینیش تێیدا 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت.
پڕۆژەکە لە 4 پرد، یەک ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی بە قەبارەی جیاواز، پەرژینی خۆپاراستن و سیستەمی ئاوەڕۆ پێکهاتووە. لە دروستکردنیدا 2000 کارمەند و کرێکار و 600 ئامێری جۆراوجۆر کاریان تێدا کردووە کە 100%ـی هێزی کارەکە ناوخۆیی بووە.
پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە، گرنگیی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە لەگەڵ ڕێگەی گۆمەسپان – سماقووڵی یەک دەگرێتەوە، بەمەش ڕێگەی هەولێر تا سماقووڵی بە درێژیی 38 کیلۆمەتر دەبێتە جووتساید، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران دەکات و ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەم دەکاتەوە.
لە 10ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر – کۆیەی دانا و هاوکات ڕایگەیاند کە جووتسایدی هەولێر – گۆمەسپانیش دروست دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.