Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 23:26

نێردەی ئەمریکا: عێراق لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە

کوردستان TV
100%

نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق ڕایگەیاند، هەنگاوەکانی چەکدانانی گرووپەکان جێگەی پێشوازین، بەڵام تەنیا دەربڕینی نیاز بەس نییە و دەبێت پرۆسەکە گشتگیر و نەگەڕاوە بێت.

مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) ڕایگەیاند: ئەو ڕاپۆرتانەی باس لە ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن بەرەو چەکدانان، پێشهاتێکی دڵخۆشکەرن و وەڵامدانەوەیەکی ئەرێنین.

مارک ساڤایا جەختی کردەوە کە تەنیا دەربڕینی نیاز بەس نییە، بەڵکو پێویستە پرۆسەی چەکدانانەکە گشتگیر بێت و ڕێگە نەدرێت پاشگەزبوونەوەی تێدا بکرێت، هەروەها دەبێت لە چوارچێوەیەکی نیشتمانیی ڕووندا تەواوی گرووپە چەکدارەکان هەڵبوەشێنرێنەوە و ئەندامەکانیان بە شێوەیەکی یاسایی و ڕێکخراو بۆ ژیانی مەدەنی بگوازرێنەوە.

نێردەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، بەگوێرەی دەستووری عێراق و سەروەریی یاسا، هیچ حزبێکی سیاسی یان ڕێکخراوێک بۆی نییە هێزی چەکداری لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت هەبێت. دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت دەسەڵاتی هەڵگرتنی چەک و بەکارهێنانی هێز بە شێوەیەکی تایبەت تەنیا لە دەستی دامەزراوە فیدراڵییەکان و هەرێمییە شەرعییەکاندا بێت کە بەرپرسیارن لە پاراستنی گەل و سەروەریی وڵات.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا مارک ساڤایا هۆشداریدا لەوەی عێراق ئێستا لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدایە، یا ئەوەتا بەرەو سەروەری، سەقامگیری و سەروەریی یاسا هەنگاو دەنێت، یاخود لەناو بازنەی پەرشوبڵاوی و نەبوونی ئاسایشدا دەمێنێتەوە کە تێیدا گرووپە چەکدارە نایاساییەکان سەرچاوە نیشتمانییەکان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و ئەجێندای دەرەکی بەکار دەهێنن.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.