لە میانی کۆبوونەوەیەکدا لە قاهیرە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆک کۆماری میسر، وێڕای تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان بەتایبەتی لە بواری وەبەرهێنان و بازرگانیدا کردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماری لە قاهیرە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر کۆ بووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی میسر خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نیشان دا و ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە دووپات کردەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەت ستایشی ڕۆڵی میسر و سەرۆکەکەی کرد لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە.
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە جەختکردنەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و میسر لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بەتایبەتی لە هەردوو سێکتەری وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر برەودان بە هاوئاهەنگی و هاریکاری بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.