زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق، لە نوێترین پەیامیدا ئاماژە بە زیادبوونی فشارە سیاسییەکان دەکات بۆ چەککردنی گروپە میلیشیاکان و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا. خەلیلزاد پێی وایە ئێستا "دەرفەتێکی زێڕین" بۆ عێراق هاتۆتە پێش تاوەکو سەروەریی خۆی بچەسپێنێت.
خەلیلزاد لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاند: "لە عێراق فشارێکی سیاسی ڕوو لە زیادبوون هەیە بۆ چەککردنی میلیشیاکان و بۆ ئەوەی کە تەنها دەوڵەت خاوەنی چەک بێت. تەنانەت هەندێک لە میلیشیاکانیش دەستیان کردووە بە دەرکردنی بەیاننامە و ئامادەیی خۆیان بۆ چەکداماڵین نیشان دەدەن، ئەمەش جێگەی دڵخۆشییە."
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە فشارە دەرەکییەکان بۆ دوورخستنەوەی میلیشیاکان لە حکوومەتی داهاتوو و کردنە ئامانجی ئەو گرووپانەی ڕەتی دەکەنەوە چەک دابنێن، کاریگەریی ئەرێنی هەبووە. دەشڵێت: "پێویستە فشارە دەرەکییەکان بەردەوام بن، چونکە ئەمە تەواوکەر و هاندەری ئەو فشارە ناوخۆییانەیە کە لەلایەن سەرکردە سیاسی و ئایینییەکانەوە بۆ چەککردنی میلیشیاکان دروست دەکرێت."
سەبارەت بە سەختییەکانی پرۆسەکە، خەلیلزاد نووسیویەتی: "عێراق ڕێگەیەکی دووری لەپێشە بۆ پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک و تێکەڵکردنەوەی چەکداران، چونکە ئەو میلیشیایانە خاوەنی هێزێکی گەورەی سیاسی، ئابووری و سەربازین، هەروەها پاڵپشتیی ئێرانیشیان لە پشتە."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، زەڵمای خەلیلزاد ئاماژەی بەوە کردووە میلیشیاکان هەڕەشەیەکی گەورەن بۆ سەر سەروەری، سەقامگیری و گەشەسەندنی عێراق، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە و جەختیشی کردووەتەوە: "بەهۆی لاوازیی ئێران لەم کاتەدا، دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن هاتۆتە پێش. دەبێت ئەم دەرفەتە بقۆزرێتەوە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.