بە کەمتر لە 3 کاتژمێر دوای دۆزینەوەی تەرمەکەی، هێزە ئەمنییەکانی خورماتوو توانییان بکوژانی ئەو گەنجە نابیستە دەستگیربکەن کە نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە قەزاکەدا کوژرابوو.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، تەرمی هاووڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت (نابیست) بەناوی (محەمەد تەڵعەت مکوچی) دۆزرایەوە. سەرەتا لە پەیج و دەزگاکانی ڕاگەیاندن وا بڵاوکرایەوە کە ناوبراو "کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە"، بەڵام لێکۆڵینەوەکان ڕاستییەکی تریان دەرخست.
قائیمقامیەتی قەزای خورماتوو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "دوای چاودێریکردنی وردی شوێنی ڕووداوەکە و شێوازی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە، دەرکەوت کە ڕووداوەکە خۆکوژی نەبووە، بەڵکو کردەوەی کوشتن بووە."
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە هێزە ئەمنییەکان توانیویانە لە ماوەیەکی پێوانەییدا و کەمتر لە 3 کاتژمێر، تاوانبارانی پشت ڕووداوەکە بدۆزنەوە و دەستگیریان بکەن.
لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیرکراوەکان بەردەوامە بۆ زانینی هۆکاری پشت ئەنجامدانی ئەو تاوانە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.