بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و بە گوژمەی 609 ملیۆن دینار لەسەر داهاتی 15%ـی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، بەردی بناغەی پرۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 30 مەتری و 10 شەقامی دیکەی ناوخۆیی لە كەرتی 8 هەزاری گەڕەكی فەرمانبەران دانرا.
ئەمڕۆ شەممە، 20ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە یاوەریی کارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانیی هەولێر و نیاز ساڵح، بەڕێوەبەری شارەوانیی چوار و ژمارەیەک لە ئەندازیاران، لە ڕێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی قۆناغی سێیەمی پڕۆژەی دروستکردنی ژمارەیەک شەقامیان لە کەرتی 8 هەزاری گەڕەکی فەرمانبەران دانا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەى بەرنامە و پلانى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندا، ئێستا لەم گەڕەکە و شوێنەکانی دیکەی سنووری پارێزگاکەمان پڕۆژە ئەنجام دەدرێن، بەشێکیان تەواو کراون و بەشێکیشیان دەست پێ دەکرێن".
هەروەها دووپاتی کردەوە کە لەڕێگەی بودجەی پارێزگا و سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە بەپێى توانای دارایی بەردەست بەردەوام دەبن لە گەیاندنی خزمەتگوزاری.
پڕۆژەکە وەك قۆناغی سێیەم جێبەجێ دەکرێت و بریتییە لە دروستكردنی شەقامێکی سەرەکیی 30 مەتری و 10 شەقامی دیکەی ناوخۆیی بە درێژیی 2200 مەتر، هەروەها کردنەوەی شەقامەکان و تێکەڵەڕێژکردنیان بە ڕووبەری 24 هەزار مەتر دووجا و قیرتاوکردنی بە ڕووبەری 19 هەزار مەتر دووجا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.