وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێرشی توند دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی ڤەنزوێلا و ڕژێمەکەی مادورۆ بە "تیرۆریست و دیکتاتۆر" ناو دەبات، هاوکات ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە بووەتە پەناگەیەک بۆ قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا.
ئەمڕۆ هەینی 19ـی کانوونی یەکەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕژێمەکەی نیکۆلاس مادورۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بە ڕژێمێکی تیرۆریست و ناشەرعی وەسفی کرد.
مارکۆ ڕوبیۆ ئاماژەی بەوە دا کە ڤەنزوێلا بووەتە گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەی کاریبی و مەترسییەکی گەورەی بۆ وڵاتانی ئەمریکای ناوەڕاست دروست کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد: "ڕژێمەکەی مادورۆ پارێزگاری لە باندە تاوانکارییەکان دەکات کە بە ئازادی لەناو خاکی ڤەنزوێلا کار دەکەن و هاوکارییەکی نزیکی قاچاخچییانی ماددە هۆشبەرەکان دەکەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مارکۆ ڕوبیۆ گوتی: "ئەو ڕژێمە هاوکاریی تیرۆر و لایەنە دەرەکییەکانی وەک ئێران و حزبوڵڵا دەکات".
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بەهۆی دیکتاتۆرییەتی سیستمەکەوە، 8 ملیۆن کەس ناچار بوون ڤەنزوێلا جێبهێڵن.
لە کۆتاییدا مارکۆ ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە ئەمریکا هەوڵ بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و بنبڕکردنی قاچاخیی ماددە هۆشبەرەکان دەدات و مەکسیکیش لەم چوارچێوەیەدا هاوکاریی واشنتۆن دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.