ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک، ئەفسەرێکی باڵا لەبەردەم ماڵەکەی بە دەسڕێژی گولـلە کوژرا و پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامن.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ لە گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک، ئەفسەرێکی باڵا بە پلەی عەقید لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا.
ئەفسەرەکە ناوی (زید عادل)ـە و پلەکەی عەقیدە، پێشتر بەڕێوەبەری بنکەی پۆلیسی عەرەفە بووە. ڕووداوەکە لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی عەرەفە ڕووی داوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست داوە.
پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کردووە، لە ئەنجامدا توانراوە دەست بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا بگیرێت کە تاوانەکەی پێ ئەنجام دراوە.
سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە داوە کە لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و تا ئێستا ڕوون نییە کردەوەکە تیرۆریستی بووە یان کێشەی کۆمەڵایەتی، بۆیە چاوەڕوانی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.