Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 09:58

چیرۆكی ئەو هاووڵاتییە عێراقییەی چووەتە ریزی سوپای رووسیا و لەلایەن ئۆكرایناوە دەستگیركراوە

کوردستان TV
100%

حكوومەتی ئۆكراینا ئەمڕۆ هەینی بەفەرمی پەیامێكی ئاراستەی حكوومەتی عێراق كرد سەبارەت بەو هاووڵاتییانەی عێراق كە ئێستا لە ریزی سوپای رووسیا لە بەرەكانی جەنگدان و دژی سوپای ئۆكراینا دەجەنگن، لە پەیامەكەدا ئاماژە بەوەشدراوە كە ئێستا یەكێك لەو سەربازە عێراقییانە كە خەڵكی شاری كەركووكە لەلای سوپای وڵاتەكەیانەوە دەستگیر كراوە.

حكوومەتی ئۆكراینا لە پەیامەكەدا ئاماژەی بەوە داوە كە زانیارییان هەیە چەندین هاووڵاتی عێراقی بەهۆی خراپی گوزەران و هەروەها بە فێڵ و هەڵخەڵەتاندن بەناوی ڤیزەی گەشتیاری براونەتە رووسیا و لەوێ ناچار كراون لە ریزی سوپای رووسیا دژی ئۆكراینا بجەنگن.

حكوومەتی ئۆكراینا داوای لە حكوومەتی عێراق كردووە هەوڵەكان چڕ بكەنەوە بۆ رێگەگرتن لەو هەوڵانە بۆ بەسەربازكردنی هاووڵاتییانی وڵاتەكە لەلایەن سوپای رووسیاوە، چونكە ئەمە پێچەوانەی یاساكانی عێراق و بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتییە.

حكوومەتی ئۆكراینا ئاماژەی بەوەشداوە كە ئێستا یەكێك لەو سەربازە عێراقییانە لەدەست سەربازانی سوپای ئۆكراینایە و پێشتر لە یەكێك لە جەنگ و رووبەڕووبوونەوەكاندا دەستگیر كراوە.

ئەو هاووڵاتییە عێراقییەی كە ئێستا لەژێر دەستی هێزەكانی سوپای ئۆكراینایە و دەستگیركراوە ناوی كەمال نەبیل خەلەف تەمەن 26 ساڵ و دانیشتووی شاری كەركووكە.

كەمال نەبیل خەلەف پێشتر بە ڤیزەی گەشتیاری و بەناوی كاركردن لە یەكێك لە چێشتخانەكان چووەتە رووسیا، بەڵام لەوێ هێزە ئەمنییەكان بە تۆمەتی نەبوونی بەڵگەنامەی كاركردن دەستگیریان كردووە و بردوویانەتە بنكەی پۆلیس، دواتریش لەگەڵ چەند كەسێكی دیكەی ئەفریقی ناچار كراوە رازی بێت ببێتە چەكدار لە ریزی سوپای رووسیا.

كەمال بۆ ماوەی سێ هەفتە مەشقی سەربازی پێكراوە و دواتر راستەوخۆ براوەتە بەرەكانی جەنگ لە خاركێف، دوو مانگ بەر لە ئێستا و لە كاتی هێرشێكی فراوانی درۆنە خۆكوژییەكان، رێگەی ون كردووە و بەهۆیەوە لەلایەن سەربازانی ئۆكرایناوە دەستگیر كراوە.

كەمال لە كاتی دەستگیركردنیدا دانی بەوەداناوە كە كە لەلایەن سەربازانی رووسیاوە مامەڵەیەكی خراپی لەگەڵدا كراوە، هەروەها بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكان بەشی زۆری هەستەوەرەكانی بینین و بیستنی لەدەستداوە.

پێشتریش ئیڤان دۆڤهانیچ باڵیۆزی ئۆكراینا لە بەغدا ئامادەیی وڵاتەكەی نیشاندابوو هاوكاری و هەماهەنگی بكەن بۆ ئەوەی ئەو هاووڵاتییەی دانیشتووی شاری كەركووك رادەستی دەسەڵاتدارانی عێراق بكەنەوە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.