ناڤید ئەكرەم یەكێك لە ئەنجامدەرانی هێرشە چەكدارییەكەی رۆژی یەكشەممەی رابردووی سیدنی لە ئوستڕالیا، لەلایەن دادگاوە بەفەرمی 59 تۆمەتی بەڕوویدا بەرزكراوەتەوە.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو كوڕ و باوكێك لە كاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی جەژنی هانووكای جووەكان لە نزیك كەنارە ئاوییەكانی سیدنی هێرشیان كردە سەر خەڵك و بەهۆیەوە 15 كەس كوژران و نزیكەی 40 كەسی دیكەش بریندار بوون.
لە كاتی هێرشەكەدا باوكەكە كە ناوی ساجد ئەكرەم تەمەن 50 ساڵ بوو، كوژرا، كوڕەكەشی بەناوی ناڤید ئەكرەم لەلایەن پۆلیسەوە تەقی لێ كراو و بریندار بوو، ئێستا لە نەخۆشخانە دەستبەسەرە و چارەسەر وەردەگرێت.
لە دادگای شاری سیدنی ئوستڕالیا بە فەرمی 15 تۆمەتی كوشتن و 40 تۆمەتی دیكەی هەوڵدان بۆ كوشتن ئاراستەی ناڤید ئەكرەم كراوە، ئەمە جگە لە تۆمەتی كاری تیرۆریستی و چەندان تۆمەتی دیكەش.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو یەكەم پڕۆسەی دادگاییكردنی ناڤید لە رێگەی ڤیدیۆ و بە دەنگ و رەنگ و هەر لە نەخۆشخانە ئەنجامدراوەو وتەكانی وەرگیراوە، بڕیاریشە لە رۆژی 22ی ئەم مانگە جارێكی دیكە پڕۆسەی دادگاییكردنەكە بەڕێوەبچێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.