دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری دا بەشێوەیەكی كاتی پڕۆگرامی تیروپشكی كارتی سەوز (گرین كارت) بۆ كۆچكردنی ئەمریكا و مانەوەی هەمیشەیی لەو وڵاتە رابگرێت.
ئەم بڕیارەی ترەمپ بەهۆی رووداوی هێرشە چەكدارییەكەی زانكۆی براون دێت كە دوێنێ پێنجشەممە لەلایەن كەسێكەوە ئەنجامدرابوو كە بە ڕێگەی تیروپشكی گرین كارت هاتبووە ئەمریكا.
كریستی نویم وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند: دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بڕیاری دا بەشێوەیەكی كاتی پڕۆگرامی تیروپشكی گرین كارت بۆ كۆچكردنی ئەمریكا رابگرێت.
لە ساڵانی رابردوو بەشێوەی تیروپشكی گرین كارت هەموو ساڵێك رێگە بە 50 هەزار كەس دەدرا بێنە ناو خاكی ئەمریكا و بەشێوەی هەمیشەیی مافی مانەوەیان وەردەگرت، ئەم هەلەش زیاتر بە خەڵكی كیشوەری ئەفریقا دەدرا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی كە بەرنامەی تیروپشكی گرین كارت بڵاوی كردۆتەوە، تەنیا ئەمساڵ (2025) نزیكەی 20 ملیۆن كەس داواكارییان بۆ بەشداریكردن لە تیروپشكی گرین كارت پێشكەش كردووە، بەگوێرەی پلانەكانیش بڕیاربوو بۆ ئەمساڵ بەشێوەیەكی گشتی 131 هەزار كەس لەگەڵ خێزانەكانیان ناویان دەربچێت.
ساڵانەش لە هەرێمی كوردستان بە سەدان كەس ناوی خۆیان لە پڕۆگرامی تیروپشكی گرین كارت تۆمار دەكرد، لە ساڵانی رابردووش هەزاران كەس ناویان گەڕابووەوە و بەشێوەی مانەوی هەمیشەیی گەشتیان بۆ ئەمریكا كردبوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.