ئەمڕۆ پێنجشەممە عومرەکارێکی کوردی خەڵكی شاری هەولێر بەناوی سەباح عەبدوڵا مەحموود ناسراو بە (سەباحی بایەع) بەهۆی تووشبوونی بە جەڵتەی مێشكەوە، لە وڵاتی سعوودییە کۆچی دوایی کرد.
كاروان ستوونی گوتهبێژی حهج وعومرهی كوردستان رایگهیاند: ئەو عومرەكارەی خەڵکی شاری هەولێر كە تهمهنی له سهرووی (60) ساڵهوەیە، چەند رۆژێك پێش ئێستا و دوای تەواوکردنی پڕۆسەی عومرە، لە ڕێگەی گەڕانەوە لە نزیک شاری سکاکا تووشی جەڵتەی مێشک ببوو، بەداخەوە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆچی دوایی کرد.
كاروان ستوونی راشیگەیاند: ماوەی سێ رۆژ بوو بە بەردەوامی لەگەڵ کەسوکارەکەی لەسەر هێڵ بووین و هاوکاری زۆرمان بۆ عومرەكارەكە کردبوو، ئێستاش هەموو ئامادەکارییەكمان نیشانداوە بۆ بەخاکسپاردنی.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتیشی: به گوتهی كوڕەكانی، پێشتر له كوردستان نهشتهرگهری بۆ باوکیان ئهنجامدراوه، بەڵام تهندروستی جێگیر بووه.
ئاماژەی بەوەش دا: بەناوی وەزارەتی ئەوقاف و بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری ئەو عومرەکارە دەکەین و داواکارین لە خوای گەورە جێگەی بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبووریش بە کەسوکاری بدات.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاكو ئێستا ئەمە سێزدەمین عومرەکاری هەرێمی کوردستانه لە وڵاتی سعوودییەوە کۆچی دوایی بكات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.