Erbil 31°C پێنجشەممە 20 ئاب 01:31

تەندروستیی سووریا: ئەنفلۆنزا بە خێرایی بڵاودەبێتەوە

کوردستان TV
100%


وەزارەتی تەندروستیی سووریا ڕایگەیاند، بەپێی داتاکانی سیستەمی چاودێریی نیشتمانیی ئەنفلۆنزا و شیکارییە تاقیگەییەکان، لە هەفتەکانی ڕابردوودا حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشییە توندەکانی کۆئەندامی هەناسە لەو وڵاتە بەردەوام لە زیادبووندایە.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەت، تا هەفتەی 48ـی ساڵی 2025، چالاکیی ئەنفلۆنزای وەرزی بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشاوە؛ بە جۆرێک ڕێژەی پشکنینە پۆزەتیڤەکان گەیشتووەتە 45.3%، لەکاتێکدا لە ئاماری پێشوودا ئەم ڕێژەیە تەنها 28% بووە.

ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان دەریدەخەن کە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا A زۆر بڵاو بووەتەوە، بەتایبەتی جۆری (H3N2) کە لە ئێستادا لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهانیش باڵادەستە، لە بەرامبەردا ڕۆڵی ڤایرۆسی کۆڤید-19 زۆر سنووردار بووەتەوە.

لە ئامارەکەدا هاتووە، لە ماوەی هەردوو هەفتەی 47 و 48ـدا، ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:

**93%**ـی حاڵەتە پۆزەتیڤەکان هەڵگری ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا A بوون.

تەنها **7%**ـی حاڵەتەکان هەڵگری ڤایرۆسی SARS-CoV-2 (کۆرۆنا) بوون.

ئەم داتایانە پشتڕاستی دەکەنەوە کە ئەو شەپۆلی نەخۆشییەی ئێستا هەیە، بە پلەی یەکەم بەهۆی ئەنفلۆنزای وەرزییەوەیە.

وەزارەتی تەندروستیی سووریا دڵنیایی داوە کە سەرەڕای زیادبوونی حاڵەتەکان، بەڵام ژمارەی "حاڵەتە توندەکان" هێشتا لە چوارچێوەی ئاستی پێشبینیکراودایە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، هەروەها جەختی کردەوە کە پرۆتۆکۆڵە چارەسەرییە نیشتمانییەکان لە نەخۆشخانەکان جێبەجێ دەکرێن.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.