پارێزگاری هەولێر لایەنە پەیوەندارەكانی ڕاسپارد رێكاری توند بەرامبەر سواڵكەران بگرنەبەر و هەر سواڵكەرێكیان لە ترافیك و بازاڕ و مزگەوتەكان بینی رێكاری بەرامبەر بگرنەبەر.
ئەمڕۆ دووشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، كۆبوونەوەیەكی تایبەت ئەنجامدرا، تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو سەبارەت بە پلانەكان بۆ پێشوازیكردن لە جەژنی كریسمس و مەڕاسیمەكانی سەری ساڵی نوێی 2026.
یەكێك لە تەوەرەكانی دیكەی كۆبوونەوەكە، گفتوگۆکردن بوو سەبارەت بە دیاردەى سواڵکردن لە ترافیک و نێو بازاڕ و بەردەم مزگەوتەکان و هەروەها شوێنە گشتییەکان.
لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لە ڕێگەگرتن لەو دیاردە ناشیرین و دزێوى ناو کۆمەڵگە کرایەوە کە کەسانێک خوویان پێوە گرتووە.
لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بەپێى ڕێنمایی و یاسا بەرکارەکان، ڕێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ نەهێلانى دیاردەى سواڵکردن لە سەرجەم شوێنە گشتییەكاندا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.