بە فەرمانی وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تیمێكی هاوبەش پێكهێنراوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو تەرمەی كە ئەمڕۆ یەكشەممە دۆزراوەتەوە و گومان دەكرێت تەرمی مامۆستا ئاڤێستا بێت.
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە روونكردنەوەیەكدا بڵاوی كردەوە: ئاگاداری هاووڵاتییان دەکەینەوە کە ئەمڕۆ یەكشەممە تەرمێک لە نزیک گوندی ئیستریان لەسەر زێی گەورە دۆزراوەتەوە.
بڵاویشی كردەوە: لەسەر فەرمانی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، تیمێکی هاوبەشی تەندروستی هەولێر و پزیشکی دادی و بەرگریی شارستانی و بەڵگەکانی تاوان فەرمانیان پێ کراوە کە تەرمەکە بە شێوەیەکی زانستی هەڵبگرنەوە.
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان هەروەها بڵاوی كردەوە: تەرمەكە بۆ پشکنین و وەرگرتنی نمونەی DNA و دیارکردنی چارەنووسی، دەهێندرێتە هەولێر.
پێشتر رەوەند هاودیانی گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران بە (كوردستان تیڤی) راگەیاندبوو كە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان و هەروەها ئەو جلوبەرگانەی كە لەبەر تەرمەكەدایە، گومان دەكرێت تەرمی مامۆستا ئاڤێستا بێت.
ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ لە رێكەوتی 5/4/2025 كەوتە ناو ئاوی تەنگاتور لە دەڤەری بارزان و بێ سەروشوێن بوو، تیمەكانی بەرگریی شارستانی لە رێگەی چەندین شێوازی گەڕان بە بەكارهێنانی هێلیكۆپتەر و درۆنی ژێرئاو و بەلەم و پیادە بۆ ماوەی 90 رۆژ بەبێ پچڕان بەدوای تەرمەكەیدا گەڕان، بەڵام لە كۆتاییدا هەوڵەكان بێ ئەنجام بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.